ڤەنزوێلا فەرمانی دەرکرد لە ماوەی 72 کاتژمێردا دەبێت دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا وڵاتەکە بەجێبهێڵن، ئەمەش دوای ئەوەی نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " تێکدانی " ئەلیکترۆنی کە بۆتە هۆی پچڕانی کارەبا لە ڤەنزوێلادا.
وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا خۆرخی ئاریازا وتی پێویستە لەسەر دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا لە ماوەی سێ ڕۆژدا وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
حکومەتی ڤەنزوێلا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " بوونی ئەو خەڵکانە لەسەر خاکی ڤەنزوێلا مەترسییە بۆ سەر پارێزراوی و یەکگرتوویی و سەقامگیری وڵاتەکە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هەموو کارمەندەکانی لە ڤەنزوێلا دەکشێنێتەوە و ئاماژەشی بەوەدا بوونی ئەوان لە ڤەنزوێلا بۆتە هۆی دروستکردنی کۆتوبەندێک لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز