دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند شەش هاووڵاتی ئەمەریکایی کە لە ڤەنزوێلا زیندانیکرابوون، ئازادکراون، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەی نوێنەرەکەی لەگەڵ نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کاراکاس.
سەرۆک ترامپ لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی "تازە ئاگادارکرامەوە کە شەش بارمتە لە ڤەنزوێلاوە دەگەڕێنینەوە بۆ ماڵەوە". سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی پەیامەکەی، سوپاسی ڕیچارد گرێنێل، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکەی کرد کە گەشتێکی بۆ ڤەنزوێلا کردبوو.
سەردانی نوێنەرەکەی ترامپ بۆ ڤەنزوێلا مەبەست لێی داواکردن بوو لە سەرکردەی ئەو وڵاتە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەمەریکا تاوانییان ئەنجام داوە و ڕەوانە کراونەتەوە.
کۆشکی سپی وتی گرینیڵ لە سەردانەکەیدا بۆ ڤەنزوێلا سەنگی خستووەتە سەر هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ بۆ ڕەوانەکردنەوەی ڤەنزوێلاییەکان بۆ وڵاتی خۆیان، ڤەنزوێلا لە ئێستادا ئەو کۆچبەرانە وەرناگرێتەوە، هەروەها مەبەستێکی دیکە لە سەردانەکەی ئازادکردنی ئەمەریکاییە بەندکراوەکان بووە.
گرینیڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەیەکی خۆی و پیاوە ئازادکراوەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " ئێمە بەڕێوەین بۆ ماڵەوە لەگەڵ ئەم شەش هاووڵاتییە ئەمەریکاییەدا. هەر ئێستا قسەیان لەگەڵ سەرۆک دانۆڵد ترامپدا کردووە و زۆر سوپاسییان کردووە."
کۆبوونەوەکە لە پایتەختی ڤەنزوێلا کەمتر لە مانگێک دێت دوای ئەوەی مادۆرۆ شەشەم خولی سەرۆکایەتییەکەی دەستپێکرد سەرەڕای ئەوەی کە بەڵگە هەن لەسەر ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا شکستی هێناوە. ئەمەریکا و کۆمەڵێک وڵاتی دیکەی ڕۆژئاوا دانییان نەناوە بە بانگەشەی سەرکەوتنی مادۆرۆدا و ئاماژە بەو ئەنجامانە دەدەن کە لەلایەن هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلاوە خراونەتەڕوو و تێیاندا دەردەکەوێت کە ئیدمۆندۆ گۆنزالێس لە هەڵبژاردنەکانی ڤەنزوێلادا سەرکەوتووە.
کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڤەنزوێلا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا گرینیڵ و مادۆرۆ لە کۆشکی میرافلۆریس قسە دەکەن و وتی کۆبوونەوەکە لەسەر داوای حکومەتی ئەمەریکا بووە.
نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا دیدارە بێ وێنەیەکەی لەگەڵ گرێنێل بە ئەرێنی وەسف کرد و داوای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا کرد.
دانۆڵد ترامپ لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا سەبارەت بەوەی ئایا کۆبوونەوەی گرێنێل لەگەڵ مادۆرۆ شەرعیەت بە حکومەتی کاراکاس دەدات یان نا، ڕایگەیاند " نەخێر، ئێمە بە مەبەستێکی دیاریکراوەوە چووینە ڤەنزوێلا.. من زۆر دژایەتی ڤەنزوێلا و مادۆرۆم کردووە. ئەوان بە باشی مامەڵەیان لەگەڵدا نەکردووین، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوان زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ گەلی ڤەنزوێلادا کردووە."
وتەبێژی کۆشکی سپی سپی کارۆلین لیڤیت ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی وت کە سەرۆک ترامپ فەرمانی بە گرینیڵ کردووە " شوێنێک دیاری بکات و دڵنیا ببێتەوە لەوە گەشتەکانی ڕەوانەکردنەوەی ڤەنزوێلاییەکان لە ڤەنزوێلا بنیشنەوە "، بە ئەندامانی ڕێکخراوی تاوانی ترێن دی ئاراگواشەوە. وتی سەرۆک ترامپ فەرمانی بە گرینیڵ کردووە " دڵنیا ببێتەوە لەوەی سەرجەم ئەمەریکاییە بەندکراوەکان لە ڤەنزوێلا بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە."
دوای ئەوەی مادۆرۆ بۆ یەکەمین جار دەسەڵاتی لە ڤەنزوێلا گرتە دەست لە ساڵی 2013 دا و ئابووری وڵاتەکە تێکچوو، زیاتر لە 7.7 ملیۆن هاووڵاتی ڤەنزوێلایی وڵاتەکەیان جێهشتووە. زۆربەیان لە ئەمەریکای لاتین و کاریبیان مانەوە، بەڵام لە دوای پەتای کۆرۆناوە، کۆچبەرانی ڤەنزوێلایی بە شێوەیەکی بەرچاو چاوییان خستەسەر ئەمەریکا.
سەرچاوە/ AP