Accessibility links

ڤاتیکان بە ڕووسیا دەڵێت دەبێت هێرشەکان بۆ سەر ئۆکرانیا بوەستێنرێن


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤی وت هۆڵی سی دەیەوێت هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بوەستێنرێن و گرەنتی کردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەکان بدرێت.

لە بەیاننامەیەکی ڤاتیکاندا هاتووە دەڵێت وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان کاردیناڵ پیێترۆ پاڕۆڵین دووبارە جەختی لە ئامادەیی ڤاتیکان کردۆتەوە بۆ " ئەنجامدانی هەر کارێک " کە ببێتە هۆی یارمەتیدان لە خستنەوەی ئاشتیدا.

دەشڵێت پاڕۆڵین بە لاڤرۆڤی وتووە پاپا فرانسیس " زۆر نیگەرانە سەبارەت بە جەنگەکە."

پاڕۆڵین وتیشی " دەبێت هێرشە چەکدارییەکان ڕابگیرێن و گرەنتی بدرێت لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەکان بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی و تیمەکانی فریاکەوتن، هەروەها دەبێت توندوتیژی چەکەکان بگۆڕدرێن بۆ گفتوگۆکردن."

دوای ئەوەی ڕووسیا " ڕێڕەوی مرۆیی " بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا کردەوە، هاوڵاتیان دەستیانکرد بە جێهێشتنی ئەو دوو ناوچەیەی کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە گەمارۆدراون. بەڵام کیێڤ وتی هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی ڕێڕەوی گواستنەوەکەیان کردووە لە شاری ماریوپۆڵی سەر دەریای ڕەش.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بەیاننامەیەکی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان لاڤرۆڤ و بەرپرسەکەی ڤاتیکان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا لاڤرۆڤ هەڵوێستی ڕووسیای لەسەر ململانێکانی ئۆکرانیا خستۆتەڕوو.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " لاڤرۆڤ هەڵوێستی بنچینەیی ڕووسیای سەبارەت بە هۆکار و ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتیەکەی لە ئۆکرانیا خستۆتەڕوو."

وتیشی هەردوولا هیوایان خواستووە خولی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەزووترین کات بەڕێوەبچێت و ڕێبکەون لەسەر چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکان و تیشک خستنەسەر قەیرانەکان و ڕاگرتنی دوژمنکارییەکان.

لەلای خۆیەوە ئۆکرانیا پێشوازی لە نێوەندگری ڤاتیکان و پاڕۆڵین کرد، کە لەدوای پاپا فرانسیسەوە دووەم بەرپرسی باڵای ڤاتیکانە. پاڕۆڵین ئاماژەی بەوەدا ئامادەیە " کارئاسانی " بکات لە گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG