Accessibility links

ئوزبەکستان دەڵێت ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک یارمەتی لێکۆڵینەوەکان بدات لە بارەی هێرشە تێرۆرستیـیەکەی نیویۆرک


ئوزبەکستان بەڵێنی داوە بە هەموو شێوەیەک کە لە توانایدابێت یارمەتی بدات لە لێکۆڵینەوەکانی ئەنجام‌دەدرێن سەبارەت بەو هێرشە تێرۆرستیـیەی دوێنێ سێشەممە کەسێکی ئوزبەکی لە شاری نیویۆرک ئەنجامی دا و بووە مایەی گیان لەدەستدانی 8 کەس.

شەوکەت میرزیۆێڤ سەرۆکی ئۆزبەکستان لە بەیانـنامەیەکدا کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بڵاوکرایەوە گوتویەتی"ئوزبەکستان ئامادەیە بە هەموو توانایەکیـیەوە و هەروەها بە هەموو دەزگایەکیشیەوە یارمەتی بدات لە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بەو کارە تێرۆرستیـیە دەکرێن."

گوتیشی ئەم تراژیدیایەی ڕوویداوە دووپاتی دەکاتەوە کە گرنکە هەوڵەکانی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکبخرێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەی لەم سەردەمە دووچاری جیهان دەبێت.

هەروەها پـرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک ترامپ و کەسوکاری قوربانیـیەکان کرد.

پاش نیوەڕۆی سێشەممە کۆچبەرێکی ئوزبەکی بە ناوی سەیفوڵڵا حەبیبوڵاڤیچ سایپـۆڤ تەمەن 29 ساڵ بە ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگری بچوک ژمارەیەک پاسکیل‌سوار و خەڵکی پـیادەی لە ناوچەی مانهاتنی شاری نیویۆرک کرد بە ژێرەوە و لە ئاکامدا 8 کەس گیانیان لەدەستدا کە بریتی بوون لە 5 ئەرجەنتینی و 2 ئەمەریکایی و ژنێکی بەلجیکی. هەروەها 15 کەسی دیکە برینداربوون، لەوانە منداڵێک کە برینەکانی قورسە.

هێرشبەرەکە لە کاتی هێرشەکەی هاواری کردبوو "الله اکبر" . ناوبراو 6 مانگ لەمەوبەر لەسەر سەرپـێچیـیەکی هاتوچۆ دەستگیرکرابوو.

سەرۆک ترامپ لە بارەی هێرشەکەوە دوێنێ سێشەممە لە تویتەرەکەی نووسی" لە نیویۆرک، پـێدەچێت هێرشێکی دیکە کرابێت لە لایەن کەسێکی زۆر نەخۆش و شێتەوە. دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکەن. ئەمە نابێت لە ئەمەریکا ڕووبدات."

هەرچەندە هیچ دەزگایەکی پەیوەست بە لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکە باسی لەوە نەکردووە هێرشبەرەکە پەیوەندی بە داعشەوە هەیە، بەڵام سەرۆک ترامپ لە نووسینێکی دیکەیدا دەڵێت"نابێت ڕێگە بە داعش بدەینەوە بگەڕێتەوە یان بێتەوە ناو وڵاتەکەمان پاش ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنی دیکە شکستی پـێهێنرا. ئەمە بەسە."

سەرۆک ترامپ لەگەڵ ئەوەدایە ڕێوشوێنی توند بگیرێنەبەر لە پـرسی ڕێگەدان بە هاتنی کەسانی بیانی بۆ ناو ئەمەریکا، ئەمەش تاوەکو وڵاتەکە لە هێرشی تێرۆرستی پارێزراوبێت، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن ئەو ڕێوشوێنە توندانە دەبنە مایەی پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و خەڵکی بێ تاوان لەو نێوەدا باجەکەی دەدەن.

ئەمڕۆش چوارشەممە سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ئەم تێرۆرستە بە بەرنامەی لۆتەری کۆچبەریـیەوە هاتووە بۆ ئەمەریکا. بۆیە داوا دەکات چیتر کار بەم بەرنامەیە نەکرێت.

بەرنامەی لۆتەری کۆچبەری بریتیە لەوەی خەڵکی لە سەرانسەری جیهان ئەوانەی خوازیارن کۆچ بۆ ئەمەریکا بکەن فۆرمی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە پـڕدەکەنەوە و ڕەوانەی کۆچبەری ئەمەریکای دەکەن و پاشان بە تیروپشـک ژمارەیەک کەس دەستنیشان دەکرێن و دوای چەند مامەڵە و چاوپـێکەوتنی فەرمی مافی کۆچکردن بۆ ئەمەریکایان پـێدەبەخشرێت.

XS
SM
MD
LG