Accessibility links

ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا هەوڵدەدەن ڕاوێژکارێکی پێشووی ترامپ بدەنە دادگا


ستیڤ بانن، ڕاوێژکارێکی باڵای پێشووی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ
ستیڤ بانن، ڕاوێژکارێکی باڵای پێشووی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ

ئەو لیژنەیەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پـێکهێنرا بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشی خۆپیشانداران بۆ سەر بینای کۆنگرێس لە 6 ی مانگی یەکدا، ڕۆژی سێشەممە دەنگی دا بۆ دادگاییکردنی ڕاوێژکارێکی باڵای پێشووی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بە تۆمەتی بە سووک سەیرکردنی کۆنگرێس.

ڕاوێژکارەکە ستیڤ باننە، کە نووسەرێکی موحافیزکارە و هەر لە سەرەتاوە یەکێک بوو لە پاڵپشتیکەرانی ترامپ. لیژنەکەی کۆنگرێس تۆمەتباری دەکات بەوەی هاریکاری لێکۆڵینەوەکەی نەکردووە و ئەمەش بە دروستکردنی بەربەست بۆ کارەکانی کۆنگرێس لێکدەدرێتەوە.

ڕۆژی 6 مانگی یەک، دوای ئەوەی ترامپ ڕەتیکردووە دان بە شکستەکەیدا لە هەڵبژاردن بەرامبەر سەرۆک جۆو بایدن بنێت، سەدان پاڵپشتیکەری ترامپ هەڵیانکوتەیان سەر کۆنگرێس و بەهۆیەوە 5 کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان پۆلیس بوو.

کۆمیتەکە کە لە ژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکاندایە، لێکۆڵینەوە دەکات چۆن و بۆچی سەدان لایەنگری ترامپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس لە کاتێکدا ئەندامانی کۆنگرێس سەرقاڵی متمانە بەخشین بوون بە بایدنی پارتی دیموکراتەکان.

لیژنەکە دەڵێت "بانن تاکە کەسە بەرهەڵەستی ئەو داوایەی ئێمە دەکات. ئەمە جێگەی قبوڵکردن نیــیە. هیچ کەس لەم وڵاتە، هەرچەندە دەوڵەمەند و بەهێز بێت، لە سەروو یاساوە نییە. ئەگەر ئەم بەرهەڵستکارییە چارەسەر نەکرێت، دەکرێت ببێتە هۆی هاندانی خەڵکی دیکە هەمان ڕێگەی بانن بگرنە بەر."

ڕۆژی پێنجشەممە بڕیارە تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر تۆمەتبارکردنی بانن بدەن، چونکە زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دیموکراتن، چاوەڕێ‌دەکرێت لەوێش بانن تۆمەتباربکرێت.

ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەنگ بۆ تۆمەتبارکردنی بانن بدات، ئەوا ئەو تۆمەتە بۆ دادگای فیدڕاڵی لە واشنتن دەنێردرێت بۆ ئەوەی بانن دادگایی بکات.

XS
SM
MD
LG