کاربەدەستانی فیدراڵی ئەمەریکا دەڵێن پـیاوێک لە نیویۆرک دەسـتگیرکراوە پاش ئەوەی دەرکەوتووە بە نیازی تەقینەوەیەکی خۆکوژیـیە لە ناوجەرگەی واشنتنی پایتەخت لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی لە 6 ی مانگی یازدە بەڕێوەدەچن.
داواکاری گشتی لە ناوچەی تاپپان لە نیویۆرک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پـۆڵ ڕۆزنفێڵد تەمەن 56 ساڵ لە دادگای ناوچەی مانهاتن تاوانبارکراوە بە دورستکردنی چەند تەقەمەنیـیەک لە ژێرزەمنی ماڵەکەی، لەوانە بۆمبێک نزیکەی 100 کیلۆگرام دەبێت.
بەپـێی لێکۆڵینەوەکان ناوبراو بە نیازبووە ئەم تاوانە ئەنجام بدات بە ئامانجی بانگەشە بۆ بیروباوەڕی دەستنیشانکردنی کاربەدەستانی باڵای حکومی بە شێوەیەکی هەڕەمەکیـیانە. ڕێکخراوی Sortition Foundation ی بنکە لە بەریتانیا کە ئەم بیروباوەڕەی هەڵگرتووە، هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ڕاینەگەیاندووە ئایا پـۆڵ ڕۆزنفێڵد ئەندامی ڕێکخراوەکەیان بووە یان نا.
کاربەدەستانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI دەڵێن ناوبراو بە نیازبووە لە ناشناڵ مۆڵی واشنتن تەقینەوە خۆکوژیـیەکەی ئەنجام بدات، وە ئەگەر پـلانەکەی سەریبگرتایە، ئەوا خەڵکی بێ گوناح دەبوونە قوربانی و زیانێکی ماڵی گەورەی لێدەکەوتەوە.
دەزگای FBI بە پـلانەکەیان زانی پاش ئەوەی ناوبراو لە هەردوو مانگی هەشت و نۆ نامە و پەیامی بۆ کەسێک لە ویلایەتی پەنسلڤانیا ناردبوو و تیایاندا باسی لە پـلانەکەی کردبوو. دەشڵێن خۆی بە تەنیا لە پشت پلانەکە بووە و چەند تەقینەوەیەکی بچوکیشی ئەنجامدابوو بۆ تاقیکردنەوەی تەقەمەنیـیەکانی.
پـیتەر ڕۆزنفێڵد باوکی پـۆڵ، بۆ میدیاکان لێدوانی دا و گوتی خێزانەکەی خۆشحاڵن بەوەی FBI پـلانی کوڕەکەیانی ئاشکراکردبوو بەر لەوەی زیان بە کەس بگەیەنێت.
بەپـێی شارەزایانی یاسایی ڕەنگە پـۆڵ ڕۆزنفێڵد سزای 10 ساڵ زیندانی بدرێت.