Accessibility links

یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا


پـێنج کەسایەتی ناوداری دیموکراتەکان کە هەر یەکەیان خوازیارە ببێتە کاندیدی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکای سـاڵی 2016 ، شەوی سێشەممە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی خۆیان لە شاری لاس ڤێگاسی ویلایەتی نیڤادا ئەنجام دا و کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNN ڕاستەوخۆ پەخشی کرد.

کەسایەتیـیەکان بریتی بوون لە هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوە و بێرنی ساندەرس سیناتۆر لەسەر ویلایەتی ڤێرمۆنت و مارتن ئۆماڵی فەرمانڕەوای پـێشووی ویلایەتی مێریلاند و لینکن چەیفی فەرمانڕەوای ڕۆد ئایلەند و جێم وێب سیناتۆری پـێشوو لەسەر ویلایەتی ڤێرجینیا.

لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا کۆمەڵێـک بابەتی ناوخۆ و دەرەوە قسەیان لەسەر کران، لەوانە مەسەلەی ڕەخنەگرتن لە هێلەری کلنتن لەوەی کە ئەو کاتەی وەزیری دەرەوە بوو ئیمەیڵی تایبەتی خۆی بەکارهێناوە لە کارەکەیدا. بێرنی ساندەرس داکۆکی لە هێلەری کرد و گوتی" من پێم وایە خانم کلنتن ڕاست دەکات کە خەڵکی ئەمەریکا لە باسکردنی ئەم مەسەلەیە بێزاربوون، ئیدی بەسە کۆتایی بەم بابەتە بهێنن و با قسە بکەین لەسەر بابەتە ڕاستەقینەکانی ڕووبەڕووی ئەمەریکا دەبنەوە."

بەڵام لەسەر مەسەلەی ئەوەی ئەمەریکا چی بکات لە بارەی سوریا لە پاش دەستێوەردانی ڕووسیا زۆر ناکۆک بوون.

هێلەری پـشـتیوانی لە دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراوی کرد لە سوریا تاوەکو خەڵکی ئەو وڵاتەی تیایدا پارێزراو بێت و ڕێگە لە کۆچکردنی زیاتر بگرێت. پاشان گوتی " پـێم وایە زۆر گرنگە بۆ ئەمەریکا بە باشی بۆ پـوتنی ڕوون بکاتەوە کە جێی قبوڵ نیـیە ئەو لە سوریا بێت و لە بری ئەسەد خەڵک بۆردومان بکات."

بەڵام بێرنی ساندەرس شەڕی ناو سوریای بە ئاڵۆز ناودێرکرد کە چەندان لایەن تیایدا بەشدارن، گوتی شارەزایی سیاسی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی بێ سەروبەری لەو وڵاتەدا ، بەڵام گوتیشی" من هەرچی پـێم بکرێت دەیکەم بۆ ئەوەی مسۆگەری بکەم ئەمەریکا ناکەوێتە ناو گۆمێـکی دیکەوە، وەکو ئەوەی لە عێراق کردمان کە گەورەترین هەڵەی سیاسەتی دەرەوە بوو لە مێژووی ئەم وڵاتەدا."

مارتن ئۆماڵی پـێشنبیارەکەی خانم کلنتنی ڕەتکردەوە و گوتی مەترسی هەیە ئەوە ببێتە مایەی ڕووداو لە نێوان فڕۆکەکانی ئەمەریکا و ئەوانەی ڕووسیا، گوتیشی " من پەلە ناکەم لە وەلاوەنانی ئامرازی لەشکری و پـێم وایە ناوچەیەکی قەدەغە فڕین لە سوریا لەم کاتەدا شتێـکی ڕاست نیـیە و خانم کلنتن لەمەدا هەڵەیە."

XS
SM
MD
LG