Accessibility links

پەمپیۆ: ئەو ئافرەتەی چووە ناو ڕێکخراوی داعشەوە ڕێگەی پێنادرێت بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی ئەو ئافرەتەی کە لە ئەمەریکا لە دایک بووە و چووە ناو ڕێکخراوی داعشەوە مەرجەکانی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکی تێدا نەبووە و هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی نیە تاوەکو بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا.

هودا موثەنا لە تەمەنی 24 ساڵیدا چوار ساڵ لەمەوبەر گەشتی کرد بۆ سوریا و چووە ناو ڕێکخراوی داعشەوە و زیاتر لە جارێکیش هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ چەکدارانی ڕێکخراوەکەدا، هەروەها لەڕێی تویتەرەوە داوای کرد موسوڵمانەکان هێرشی تیرۆریستی لە ڕۆژئاوا ئەنجام بدەن.

هودا لە بنکەیەکی زیندانی لە سوریا لەم هەفتەیەدا لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی پەشیمانە لەو کارانەی کردوویەتی و دەیەوێت لەگەڵ منداڵەکەی و خێزانەکەیدا بگەڕێتەوە بۆ ئەلابامای ئەمەریکا.

پەمپیۆ وتی ئەو هاوڵاتییەکی ئەمەریکی نیە و ڕێگەی پێنادرێت بێتە ناو ئەمەریکاوە.

پەمپیۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و پاسپۆرتی ئەمەریکی نیە و مافی ئەوەشی نیە نە پاسپۆرت وەربگرێت و نە ڤیزای ئەمەریکاش وەربگرێت."

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە تویتەر وتی فەرمانی بە پەمپیۆ کردووە ڕێگە نەدات هودا موثەنا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکە.

بەڵام پەمپیۆ ڕوونکردنەوەی نەدا لەسەر ئەوەی بۆچی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هودا بە هاوڵاتییەکی ئەمەریکی نازانن.

ئەمەش دوای ئەوە هات بەڕیتانیا ڕەگەزنامەی لە کچێک سەندەوە کە چووبووە ناو ڕێکخراوی داعشەوە لە سوریادا و ڕاشیگەیاند بەهۆی هۆکاری ئەمنییەوە ئەم بڕیارەیان داوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG