Accessibility links

خەلیلزاد: ئەمەریکا نزیکەی 5000 سەرباز لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە


زەڵمای خەلیلزاد
زەڵمای خەلیلزاد

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد وتی ئەمەریکا نزیکەی 5000 سەرباز لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە و لە ماوەی 135 ڕۆژدا پێنج بنکەی سەربازیی دادەخات، ئەمەش بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی کە لەگەڵ تاڵیباندا پێی گەیشتوون.

خەلیلزاد وتی ئەو ڕێکەوتنەی دوای مانگێک لە وتوێژەکان لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان پێی گەیشتوون دەبێت پێش ئەوەی واژۆ بکرێت سەرەتا لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە پەسەند بکرێت.

وتیشی " لەڕووی بنەماوە گەیشتووین بەوەی دەمانەوێت."

وتەبێژی سەرۆکی ئەفغانستان وتی ڕەشنووسی ڕێکەوتنەکە بە سەرۆک ئەشرەف غەنی ڕاگەیەندراوە و سەیری وردەکارییەکانی ڕێکەوتنەکە دەکات پێش ئەوەی بۆچوونی خۆی ڕابگەیەنێت.

لەبەرامبەر قۆناغی یەکەمی کشانەوەی ئەمەریکادا تاڵیبان پابەند دەبێت بەوەی ڕێگە نەدات چەکدارە توندڕەوەکان خاکی ئەفغانستان بەکاربهێنن بۆ پلانگێڕان بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.

هەروەها لە ڕێکەوتنەکەدا باس لە ئەنجامدانی وتوێژ کراوە لەنێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستاندا تاوەکو بگەن بە چارەسەرێکی سیاسیی بەرفراوان بۆ کۆتای هێنان بە شەڕی نێوانیان.

بەڵام هێشتا تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا بکات و بە سیستمێکی نایاسایی و بوکەڵەی دەستی ئەمەریکای دەزانێت.

وتەبێژی سەرۆکی ئەفغانستان سدیق سدیقی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " غەنی چاوی بە خەلیلزاد کەوتووە و سەیری وردەکاری ڕەشنووسی ڕێکەوتنەکە دەکات."

وتیشی " بەڵام سەبارەت بە ئاشتی ڕاستەقینە یاخود تەنها ڕێگە بۆ ئاشتی ڕاستەقینە سنووردانانە بۆ توندوتیژییەکان و ڕاستەوخۆ وتوێژکردنە لەگەڵ تاڵیبان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG