Accessibility links

کەشتیەکی جەنگی ئەمەریکا بە ناو تەنگەی تایواندا دەڕوات


چین نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گەشتکردنی کەشتیەکی جەنگی ئەمەریکا بە ناو تەنگەی تایواندا، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی پەکین هۆشیاریدا لەوەی چین ئامادەی جەنگە ئەگەر تایوان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوبنێت.

تایوان یەکێکە لەو هۆکارە زۆرانەی کە بوونەتە هۆی دروستبوونی گرژیی لە نێوان چین و ئەمەریکادا، لە هۆکارەکانی دیکە جەنگی بازرگانی نێوانیان و سزاکانی ئەمەریکا و بوونی هێزی سەربازیی ئەمەریکایە لە دەریای باشووری چین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی " چین نیگەرانی خۆی بۆ ئەمەریکا دەربڕیوە سەبارەت بەم جوڵەیە لەو تەنگەیەدا کە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان چین و تایوانە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چون یانگ وتی " بابەتی تایوان هەستیارترین و گرنگترینە لەنێوان چین و ئەمەریکادا."

وتیشی " داوا لە ئەمەریکا دەکەین ڕێز لە ڕێسای یەک چین بگرێت و بەشێوەیەکی گونجاو ڕەفتار بکات لە بابەتەکانی پەیوەست بە تایوانەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی کەنداوی تایوان زیانیان پێنەگات."

ڕۆژی چوارشەممە چین هۆشیاریدا و وتی ئامادەیە بۆ جەنگ ئەگەر تایوان هەر هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی بنێت. هەروەها ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی لەناوبردنی سەقامگیری جیهانی و سەرکۆنەی ئەمەریکای کرد لەسەر فرۆشتنی چەک بە تایوان.

وتەبێژی کەشتیگەلی حەوتی سەر بە هێزی دەریایی ئەمەریکا کلای داوس لە بەیاننامەیەکدا وتی " تێپەڕبوونی کەشتیە ئەمەریکییەکە بە تەنگەی تایواندا پابەندبوونی ئەمەریکا دەردەخات لەوەی هەردوو دەریای هێمن و هیندی کراوە و ئازاد بن." وتیشی هێزی دەریایی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە فڕین و گەشتکردن و کارکردن لە هەر شوێنێکدا کە یاسایی نێودەوڵەتی ڕێگەی پێبدات."

ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی فەڕمی نیە لەگەڵ تایواندا بەڵام بەپێی یاسا پێداویستی بەرگریکردن بۆ تایوان دابین دەکات و سەرچاوەی سەرەکی چەکی تایوان ئەمەریکایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG