Accessibility links

ئەمەریکا هەوڵدەدات لە کۆنگرەی وارشۆدا فشارەکانی سەر ئێران زیاد بکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ

وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی باڵای 60 وڵات لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا کۆدەبنەوە لەکاتێکدا ئەمەریکا هیوادارە بتوانێت فشارەکانی سەر ئێران زیاد بکات، ئەمەش سەرەڕای ترسەکانی وڵاتانی ئەوروپا لە زیادکردنی گرژییەکان لەگەڵ تاراندا.

ئامادەنەبوونی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا تیشک دەخاتە سەر گرژییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا بەهۆی بڕیارەکەی ساڵی ڕابردووی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران و سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاراندا.

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی کە خۆی لایەنێکی سەرەکی بوو لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێراندا وتی ئامادەی کۆنگرەکە نابێت بەهۆی ئەوەوە کە کاری دیکەی هەیە. بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ ڕۆژی هەینی سەردانی بڕۆکسل دەکات بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ موگیرینیدا.

پەمپیۆ پێش ئەوەی بەرەو وارشۆ بکەوێتەڕێ سەردانی سلۆڤاکیای کردوو و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " هەندێک وڵات وەزیرانی دەرەوەیان ئامادەی کۆنگرەکە دەبن و هەندێکیشیان ئامادەی نابن، ئەوە بژاردەی خۆیانە."

وتیشی " پێم وایە پێشکەوتنێکی بەرچاو تۆمار دەکەین. پێمان وایە دەیان وڵات هەن کە بەجددی کار بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و دەیانەوێت ئارام و سەقامگیرتر بێت. هیوادارم ئەوە دەستەبەر بکەین."

لەکاتێکدا وڵاتانی وەکو فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا ڕێگەیەکی دیکەیان دۆزییەوە بۆ بارزگانیکردن لەگەڵ ئێراندا بە گۆڕینی مامەڵەکردن بە دۆلار، ئەو وڵاتانە هێشتا ڕەخنە لە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران دەگرن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی سەبارەت بە خشتەی کارەکانی کۆنگرەی وارشۆ وتی " گفتوگۆ دەبێت لەسەر دەسەڵاتەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و وتوێژ دەکرێت لەسەر ئەوەی دەتوانین چی بکەین بۆ وەستاندنی ئێران و بە کۆمەڵ بەرپەرچی هەندێک لە ڕەفتارەکانی ببینەوە لە ناوچەکەدا."

لەنێو ناکۆکییە سیاسییەکانی دیکەدا، هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.

جێی ئاماژەیە هەر لە کۆنگرەکەدا ڕاوێژکاری کۆشکی سپی جارێد کوشنەر لێدوان دەدات سەبارەت بە پلانەکانی ئەمەریکا بۆ خستنەوەی ئاشتی لەنێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیلدا.

پێناچێت کوشنەر بچێتە ناو وردەکارییەکانی پلانەکەوە، بەڵام ئەمە یەکەمین بۆنە دەبێت کە تیایدا بە ئاشکرا باس لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بکات سەبارەت بە پلانی ئاشتی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل.

بەرپرسانی فەڵەستینی وتیان ئامادەی کۆنگرەکەی وارشۆ نابن بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپەوە بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ ئۆرشەلیم. بەڵام سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو و کۆمەڵێک بەرپرسی دیکەی وڵاتانی کەنداو ئامادەی کۆنگرەکە دەبن.

هێشتا ڕوون نیە ئەو وەزیرانە کێن ئامادەی کۆنگرەکە دەبن بەهۆی ئەوەوە کە ڕێکخەرانی کۆنگرەکە ڕەتیان کردەوە لیستی ناوی ئامادەبووان ئاشکرا بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG