Accessibility links

یاسادانەرانی ئەمەریکا بە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی دەگەن لەسەر مەسەلەی دیوارەکەی سەرسنووری مەکسیک


یاسادانەرانی ئەمەریکا بە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی گەیشتن سەبارەت بە تەرخانکردنی بڕێک پارە بۆ دروستکردنی بەربەستێک لەسەر سنوورەکانی باشوری وڵاتەکە.

بەپـێی کەسانی نزیک لە یاسادانەران کە بۆ هەردوو ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس و فڕانس پـرێس لێدوانیان داوە، بڕی پارەکەی لەسەری ڕێکەوتوون 1.375 ملیار دۆلارە و بۆ دروستکردنی بەربەستێکی سنووریـیە بە درێژایی نزیکەی 90 کیلۆمەتر لە ناوچەی ڕیۆ گراندی ڤالی لە باشوری ویلایەتی تەکساس لەسەر سنووری مەکسیک، ئەمەش کەمترە لەوەی سەرۆک ترامپ داوای دەکرد 5.7 ملیار دۆلار تەرخانبکرێت بۆ دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری مەکسیک بە درێژایی زیاتر لە 320 کیلۆمەتر.

لە گردبوونەوەیەک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 کە لە شاری ئەل پاسۆی ویلایەتی تەکساس بەڕێوەدەچوو، سەرۆک ترامپ لە بارەی ئەم ڕێکەوتنە سەرەتایـیە گوتی هێشتا وردەکاری تەواوی پـێنەگەیشتووە تاوەکو قسەی لەسەر بکات.

ئەگەربێت و کۆماری و دیموکراتەکان لە کۆنگرێس پـرۆژە بڕیارێک بۆ ئەم مەبەستە پەسەندبکەن، ئەوا ئەو کاتە تەنیا واژوی سەرۆک ترامپی پـێویستە هەتا کۆتایی بەم کێشەیە بێت کە بووە هۆی داخستنی دامودەزگاکانی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک.

XS
SM
MD
LG