Accessibility links

دوای سەردانەکەی پوتن، نوێنەرێکی ئەمەریکا سەردانی هانۆی دەکات و دەڵێت متمانەی ئەمەریکا و ڤیێتنام بە یەکتر لە هەموو کات زیاترە


یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و پاسێفیک دانیێڵ کریتنینبرینک
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و پاسێفیک دانیێڵ کریتنینبرینک

دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە هانۆی پایتەختی ڤیێتنام گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا کرد و وتی متمانەی دوو وڵاتەکە بە یەکتر " لە هەموو کات زیاترە." ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن سەردانی ڤیێتنامی کرد.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و پاسێفیک دانیێڵ کریتنینبرینک وتی سەردانەکەی بۆ هانۆی پەیوەندی نەبووە بە سەردانەکەی پوتنەوە. ساڵی ڕابردوو ڤیێتنام ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردەوە و هاوبەشییەکی ستراتیژی گشتگیری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ڕاگەیاند.

گەشتەکەی پوتن بۆ هانۆی لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە لە هانۆی سەرکۆنەکرا و باڵیۆزخانەکە وتی " هیچ وڵاتێک نابێت سەکۆیەک بدات بە پوتن تاوەکو هانی جەنگە دوژمنکارییەکەی بدات و ڕێگەی بدات کارە دڕندەکانی ئاسایی بکاتەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

کریتنینبرینک لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە هانۆی باسی لەو نیگەرانییانە کرد بەڵام وتی ڕوونی کردووەتەوە بۆ بەرپرسانی ڤیێتنام کە " هۆکاری سەرەکی " سەردانەکەی هاوبەشییەکەی نێوان ئەمەریکا و ڤیێتنام بووە. کریتنینبرینک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڤیێتنام بوی تان سۆندا کۆبووەوە.

وتی " تەنها ڤیێتنام دەتوانێت بڕیار بدات لەسەر باشترین ڕێگە بۆ پاراستنی سەروەرییەکەی و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی." هاوکات جەختی لە پەیوەندییە ئابوورییەکەی نێوان ئەمەریکا و ڤیێتنام کردەوە، لە ساڵی 2023 دا بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڤیێتنام بەهاکەیان گەیشتە 111 ملیار دۆلار، هەر لەو ساڵەدا بەهای بازرگانییەکانی نێوان ڤیێتنام و ڕووسیا تەنها 3.6 ملیار دۆلار بووە.

ڕووسیا هێشتا گرنگە بۆ ڤیێتنام، نەک تەنها لەبەرئەوەی کە هاوپەیمانێکی کۆنی بووە لە سەردەمی جەنگی سارددا، بەڵکو لەبەرئەوەش کە ڕووسیا بەردەوامە لەوەی کە گەورەترین دابینکاری کەلوپەلی سەربازییە بۆ ڤیێتنام و تەکنەلۆجیاکانی ڕووسیا بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت یارمەتی ڤیێتنام دەدەن لە پاراستنی بانگەشەکانی ڤیێتنامدا لەسەر سەروەری وڵاتەکە بەسەر دەریای باشووری چینی جێناکۆکی لەسەردا.

کریتنینبرینک وتی کارەکانی چین لە بانگەشەکانی لەسەر ئەوەی سەرانسەری دەریای باشووری چین سەر بە چینە " جێی نیگەرانییەکی گەورەن " بۆ ناوچەکە و جیهانیش.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG