Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی ئەڵمانیا دەکات


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس ڕۆژی پێنجشەممە گەشت دەکات بۆ ئەڵمانیا و بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن لەمیانەی سەردانەکەیدا سەنگ دەخاتە سەر گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوپەیماناندا سەبارەت بە قەیرانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا.

لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا، کاملا هێرس ڕابەرایەتی شاندێک دەکات و ئامادەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ دەبن، بڕیارە دواتریش لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی و سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و ڕابەرانی لاتیڤیا و لیتوانیا و ئیستۆنیادا کۆببێتەوە.

وابڕیاریشە ڕۆژی شەممە هێر وتارێک بدات و تیایدا تیشک بخاتە سەر ئاستی یەکگرتوویی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لەڕووی دیبلۆماتی و سەربازیی و ئابوورییەوە.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " جێگری سەرۆک تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن ئەو یەکگرتووییە سەرچاوەی هێز دەبێت و ڕێگەشمان دەدات بەشێوەیەکی خێرا و توند وەڵامی هەر دوژمنکارییەکی ڕووسیا بدەینەوە."

وتیشی " لە وتارەکەیدا جەختیش دەکاتەوە لە دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە پابەندبوونمان و بەرپرسیارێتیەکانمان بۆ پتەوکردنی ناتۆ و پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانمان لە بەرامبەر دوژمنکارییەکانی ڕووسیادا. هەروەها باس لەوە دەکات کە چۆن داگیرکردنی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی لاوازکردنی ڕووسیا نەک بەهێزبوونی."

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن بە گشتی سەردانەکەی هێرس بۆ ئەوەیە دڵنیا ببێتەوە لەوەی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا " بەتەواوەتی لەسەر یەک ئاڕاستەن " و هەروەها ناردنی پەیامێکی ڕوون دەبێت بۆ ڕووسیا.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی " ئێمە دیبلۆماتی و بەربەست دانانمان پێ باشترە. بەڵام ئەگەر ڕووسیا دوژمنکاری هەڵبژێرێت ئەوا ئێمە ئامادەین."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG