Accessibility links

ئەمەریکا ڕێگە دەدات هەمووان ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن


لە ڕۆژی دووشەممەوە سەرجەم دانیشتوانی ئەمەریکا دەتوانن ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن، ئەمەش دوای ئەوەی زیاتر لە نیوەی پێگەیشتووان لە وڵاتەکەدا ڤاکسینیان وەرگرتووە.

سەرەڕای ڕاگرتنی بەکارهێنانی ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن، هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت.

بەپێی دەزگای فیدڕاڵی بۆ تەندروستی گشتی ئەمەریکا، لەسەدا 50,4 ی ئەو ئەمەریکییانەی تەمەنیان سەروو 18 ساڵە توانیویانە یەکەم ژەمی ڤاکسینەکە وەربگرن، لە سەدا 32,5ییان هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتووە، بەتایبەتی لەو هاوڵاتیانەدا کە تەمەنیان سەروو 65 ساڵە.

کۆی گشتی ئەوانەی یەک ژەمە ڤاکسینیان وەرگرتووە 131,2 ملیۆن کەسن، بەرپرسانی ئەمەریکا بەنیازن لە ڕۆژی دووشەممەوە ڕێگە بدەن سەرجەم هاوڵاتیانی وڵاتەکە ڤاکسینەکە وەربگرن.

ڕاگرتنی بەکارهێنانی ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن کاری نەکردە سەر خێرایی هەڵمەتی کوتانەکە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێکی کەمی ئەو ڤاکسینە بەکارهێندراوە. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش وتی " ڤاکسینی تەواو هەیە بۆ هەموو ئەمەریکییەکان، بێگومانین لەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG