لە نێوەندی دوو خۆپـیشاندانی دژ بە یەک لە شارێـکی بچوکی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا، ئۆتۆمبیلێـک خۆی کردووە بە نێو گروپـێـکیاندا و لە ئاکامدا کەسێـک گیانی لەدەستداوە و 19 کەسی دیکە برینداربوون. هەروەها لە پەیوەست بەو دوو خۆپـیشاندانە هەلیکۆپتەرێـک کەوتووەتە خوارێ و 2 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەردوو خۆپـیشاندانەکە بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە شاری چارلۆتسڤیل سازکران، گروپـێـکیان لەوانەن کە بڕوایان وایە سپـی پـێست لەسەروو خەڵکی دیکەیە و بە وایت سەپرەمەسیست white supremacist ناودێردەکرێن. گروپەکەی دیکە لە دژی ئەو بیروباوەڕەن.
گرژیـیەکان لە مانگی چواری ئەمساڵەوە دەسـتیانپـێکرد، پاش ئەوەی ئەنجومەنی شاری چارلۆتسڤیل لە دەنگدانێـکدا بڕیاری دا پەیکەری (جەنەڕاڵ ڕۆبەرت ئیدوارد لی) فەرماندەی لەشکری ویلایەتە کۆنفدراڵیـیەکان کە لە ساڵی 1870 کۆچی دواییکردووە لە پارکی ئەمانسەپەیشن لاببرێت.
ئەم وایت سەپرەمەسیستانە، جەنەڕاڵ ڕۆبەرت بە سمبوڵێـکی خۆیانی دادەنێن، بۆیە لە دژی بڕیاری لابردنی پەیکەرەکە کەوتنە دەربڕینی ناڕەزایی و سازکردنی چەندان خۆپـیشاندان، بەڵام لە خۆپـیشاندانەکەی ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەکی زیاتریان بەشداریـیان کرد، بەمەش ژمارەیان نزیک بووەوە لە ژمارەی گروپەکەی دژیان و سەرئەنجام پـێکدادان ڕووی دا.
لە نێو پـێکدادانەکان ئۆتۆمبیلێـک خۆی کرد بە نێو خۆپـیشاندەرانی گروپی دژ بە وایت سەپرەمەسیستەکان و لە ئاکامدا ژنێـک گیانی لەدەستدا و 19 کەسی دیکە برینداربوون. پـۆلیس تاوانکارەکەی دەستگیرکرد، دەڵێن لە ویلایەتی ئۆهایۆوە هاتووە.
مایک سیگنەر سەرۆکی شارەوانی شارەکە غەمگینی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر گیان لە دەستدانی ئەو ژنە و داوای لە خۆپیشاندەران کرد بڕۆنەوە ماڵەکانیان وبڵاوەی لێبکەن.
هاوکات هەلیکۆپتەرێـکی پۆلیس لە دارستانێـکی نزیک شوێنی خۆپـیشاندانەکان کەوتە خوارێ و 2 پـۆلیس تیادا گیانیان لەدەستدا. پـۆلیس دەڵێت کەوتنی هەلیکۆپتەرەکە پەیوەندی بە خۆپـیشاندانەکانەوە هەبووە، بەڵام هیچ وردەکاری زیاتری نەدا.
هەروەها پـۆلیس دەشڵێت جگە لەو قوربانیـیانە 15 کەسی دیکە لە پـێکدادانەکاندا برینداربوون.
لە لایەکی دیکە لە کاردانەوە بەرامبەر ئەم توندوتیژیانە، تێری مەککۆڵف فەرمانڕەوای ویلایەتی ڤێرجینیا باری نا ئاسایی لە ویلایەتەکەی ڕاگەیاند.
هەروەها سەرۆک ترامپ لەم بارەیەوە گوتی " دەبێت هەموومان یەکگرتووبین و هەموو شێوازەکانی ڕق و کینە ڕەتبکەینەوە. ئەم جۆرە توندوتیژیـیە لە ئەمەریکا شوێنی نیـیە. با یەکگرتووبین."
هەروەها لە وتارێکدا گوتی" دەبێت هەموو ئەو ڕاستیەمان لەیاد بێت: گرنگ نییە ڕەنگمان، بیروباوەڕمان، ئاینمان، حزبەکەمان، پـێش هەموو شتێـک ئێمە ئەمەریکایین."
چەند وێنەیەکی خۆپـیشاندان و پـێکدادانەکان