Accessibility links

ئەمەریکا و ئیسرائیل بڕیاری کشانەوە لە ڕێکخراوی یۆنیسکۆ دەدەن

  • VOA News

ئەمەریکا لە ڕێکخراوی یۆنیسکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکشێتەوە و دەڵێت لە ئەنجامی کەمتەرخەمیەکانی نێو ڕێکخراوەکەیە و هەروەها تیایدا دژایەتی ئیسرائیل دەکرێت.

هێزەر ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی وەزارەتی دەرەوە، ئیرینا بۆکۆڤا بەڕێوەبەری یۆنیسکۆی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ کشانەوە و خواستی بۆ بوون بە چاودێرێکی بەردەوام ئاگادارکردووەتەوە. دەڵێت ئەم بڕیارە بە سانایی نەدراوە، بەڵکو لە ئەنجامی نیگەرانیـیەکانی ئەمەریکایە لە بەرامبەر دواکەوتنی پـێدانی پارەکانە لە ناو یۆنیسکۆدا. هەروەها ڕێکخراوەکە بەردەوامە لە لایەنگیری دژی ئیسرائیل. دەشڵێت ڕێکخراوەکە پـێویستی بە چاکسازی بنەڕەتیـیە.

پاش ئەم بڕیارەی ئەمەریکا، ئیسرائیلیش ڕایگەیاند دەچێتە پاڵ ئەمەریکا و لە یۆنیسکۆ دەکشێتەوە.

ئۆفیسی بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە بەیانـنامەیەکدا گوتی سەرۆک وەزیر، وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپاردووە ئامادەکاری بکات بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە یۆنیسکۆ.

بڕیارەکەی ئەمەریکاشی بە بڕیارێکی بوێرانە ناودێرکرد، دەڵێت چونکە یۆنیسکۆ بووەتە شانۆیەک بۆ سەرلێشێواندن و لە بری مێژوو بپارێزێت کەوتووەتە شێواندنی.

جێی ئاماژەیە بەپـێی بەندی 2 ی مادەی 6 ی یاسای یۆنیسکۆ هەتا 31 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2018 ئەمەریکا وەک ئەندامێکی تەواو لە یۆنسکۆ دەمێنێتەوە.

ڕێکخراوی یۆنیسکۆ لە ساڵی 1945 وە دامەزراوە بۆ گرنگیدان بە پەروەردە و فێرکردن و زانست و ڕۆشنبیری و کولتور و مێژوو لەسەر ئاستی جیهاندا.

XS
SM
MD
LG