Accessibility links

ڕێژەی بێکاری لە ئەمەریکا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی 50 ساڵدا


بەپـێی داتاکانی حکومەتی ئەمەریکا ڕێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا بە ئاستێک دابەزیوە کە 50 ساڵە ڕێژەی وەها کەمی بەخۆیەوە نەدیوە، واتە لە ساڵی 1969 وە.

یوجین سکەلیا وەزیری کاری ئەمەریکا ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر تویتەری وەزارەتەکەی بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی لە مانگی نۆ ڕێژەی بێکاری بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە لە ماوەی 50 ساڵدا، ئەویش 3.5%. دەڵێت ئەمە 19 مانگە لەسەر یەک ڕێژەی بێکاری خوار 4%.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ڕێژەی بێکاری لە نێو ئەوانەی تەنیا بڕوانامەی ئامادەیـیەیان هەیە بۆ ئاستی هەرە نزم دابەزیوە لەوەتای لە ساڵی 1992 داتاکانی کۆدەکرێنەوە. هەروەها ڕێژەی بێکاریش لە نێو ئەمەریکایـیە ئەفریکایـیەکان و ئیسپانی زمانەکان و کەسانی خاوەن پـێداویستی تایبەتیش کەمبوونەتەوە.

وەزیر سکەلیا ستایشی سەرۆک ترامپی کرد و گوتی لە ماوەی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی ڕێژەی بێکاری لە نێو ژنان دابەزیوە بۆ 3.1% کە ئەمە نزمترین ئاستە لەوەتای ساڵی 1953.

گوتیشی لە مانگی نۆ 136 هەزار کاری نوێ پەیدابوون، بەمەش 158 ملیۆن و 269 هەزار کەس لە ئەمەریکا کاریان هەیە.

سەرۆک ترامپ خۆشحاڵی خۆی لەم بارەیەوە ڕاگەیاند و لەسەر تویتەرەکەی نووسی" بەپەلە: ڕێژەی بێکاری 3.5% گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە ماوەی 50 ساڵدا. ئەک لەوە ئەمەریکا، با سەرۆکەکەت لادەن (تەنانەت ئەگەر هیچ هەڵەیەکی نەکردبێت!)."

دابەزینی ڕێژەی بێکاری دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ کە جەخت لەسەر باشترکردنی ئابوری وڵاتەکە دەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG