Accessibility links

سەرۆک ترامپ یەکەم وتاری خۆی لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پـێشکەش دەکات

  • VOA News

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لە یەکەم وتاری بۆ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە بەهێزکردنی لەشکری ئەمەریکا کرد و ڕەخنەی توندی لە ڕژێمی وڵاتانی کۆریای باکور و ئێران و سوریا و کوبا و ڤەنزویلا گرت.

سەرۆک ترامپ لە سەرەتای وتارەکەی کە باسی لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی کرد بۆ بەهێزکردنی لەشکری ئەمەریکا و گوتی نزیکەی 700 ملیار دۆلار بۆ لەشکر و بەرگری ئەمەریکا تەرخان دەکەن و لەم زووانە لەشکری ئەمەریکا زۆر لە جاران بەهێزتر دەبێت.

پاشان هاتە سەر بابەتە نێودەوڵەتیـیەکان و گوتی هیچ وڵاتێـک هێندەی کۆریای باکور بە چاوێکی سووک سەیری جیهانی نەکردووە. گوتیشی ئەمەریکا پشوودرێژی و هێزێـکی گەورەی هەیە، بەڵام ئەگەر ناچار بکرێت بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی و هاوپەیمانانی بکات، ئەوا کۆریای باکور بە تەواوی وێران‌دەکات. باسی لەوەش کرد ڕژێمی ئەو وڵاتە بەرپـرسە لە مەرگی ملیۆنان هاوڵاتیانی کۆریای باکور کە دووچاری برسێتی و ئەشکەنجەدان و زیندانی کردوون. داوای لە وڵاتان کرد هەڵوێستی توندیان بەرامبەری هەبێت و گوتی کاتی ئەوە هاتووە ئەم ڕژێمە لە لایەن هەموو لایەکەوە گۆشەگیربکرێت.

سەبارەت بە ڕژێمی ئێران گوتی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆریەتێکی گەندەڵە کە لە ژێر بەرگێـکی دیموکراسیدا خۆی شاردووەتەوە و ئەو وڵاتە دەوڵەمەندەی کردووە بە سەرچاوەی توندوتیژی و خوێن‌ڕشتن، وە لەبری ئەوەی سەروەت و سامانی وڵاتەکە بۆ خۆشگوزەرانی ئێرانیـیەکان بەکاربهێنێت، دەچێت دەیکاتە دەستی حزبوڵڵا و گروپە تێرۆرستیـیەکانی دیکەی خەڵکی موسڵمانی بێتاوان دەکوژن و هەروەها سەروەتەکەی بەکار دەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر عەرەب و ئیسرائیلیە ئاشتیخوازەکان، وەکو پشـتیوانیکردنی بەشار ئەسەد و خۆشکردنی شەڕی ناوخۆ لە یەمەن و دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەم ڕژێمە تەقە لە خوێندکاران دەکات و سیاسەتمەدارانی ڕیفۆرمخواز زیندانی دەکات و بەربەرست دەخاتە سەر ئنتەرنێت و ڕێگە بە بینینی کەناڵەکانی سەتەلایەت نادات.

هەروەها باسی لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ئێران کرد، ئەوەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2015لەگەڵ ئێراندا مۆریکرد، گوتی خراپـترین ڕێکەوتن بووە کە ئەمەریکا تیایدا بەشداربووبێت.

پاشان گوتی ئەمەریکا ڕێگە بەو ڕژێمە نادات هەروا لەسەر ئەو کارانەی بۆ نانەوەی ناسەقامگیری بەردەوامبێت، وە ناکرێت پابەندی ڕێکەوتنێـک بین کە بۆ پەردەپـۆشکردنی بنیادانانی بەرنامەیەکی ناوکی کرابێت.

لە بارەی ڕژێمی سوریا گوتی ڕژێمی ئەسەد ڕژێمێکی تاوانکارە و چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، بۆیە ئەمەریکا هێرشی موشەکی کردە سەر ئەو بنکەیەی لێوەی هێرشی کیمیایی کرابوو. گوتیشی هەوڵ دەدەن شەڕی ناو سوریا هێوربکەنەوە و چارەسەرێـکی سیاسی بدۆزنەوە کە جێی ڕەزامەندی خەڵکی سوریا ببێت.

لە بارەی تێرۆرزم، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی تێرۆرزمی ئیسلامی توندڕەو ڕادەگرین و ڕێگە نادەین وڵاتەکەمان و هەموو جیهان وێرانبکات. دەبێت ڕێگە نەدرێت ئەو توندڕەوانە شوێنی ئارامیان هەبێت و پارەیان بۆ ڕەوانەبکرێت و مۆڵەتیان پـێبدرێت ئایدیۆلۆجیـیە قێزەوەنەکەیان بڵاوبکەنەوە. هەروەها کاتی ئەوە هاتووە لێپـرسینەوە لەو وڵاتانە بکرێت کە پـشتیوانی دارایی لە قاعیدە و تاڵیبان و حزبوڵڵا و گروپە تێرۆرستیـیەکانی دیکە دەکەن، ئەوانەی خەڵکی بێ تاوان سەردەبڕن.

سەبارەت بە داعش، سەرۆک ترامپ گوتی لەماوەی 8 مانگی ڕابردوو سەرکەوتنی گەورە بەسەر داعش تۆمارکراوە کە لە ماوەی چەند ساڵی پـێشتر تۆمار نەکرابوو. سوپاسی هەریەک لە لوبنان و تورکیا و ئوردنی کرد کە میوانداری پەنابەران کردووە.

XS
SM
MD
LG