Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر 4 ئۆکرانیدا دەسەپێنێت کە بە تۆمەتی یارمەتیدانی ڕوسیا تۆمەتبارکراون


حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت سزا بەسەر چوار هاوڵاتی ئۆکرانیدا دەسەپێنێت کە " پەیوەندییان لەگەڵ چالاکییەکانی حکومەتی ڕوسیادا هەبووە بۆ خستنەوەی ناسەقامگیری لە ئۆکرانیادا."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەو کەسانەی سزایان بەسەردا دەسەپێنین دووانیان ئەندام پەرلەمانی ئۆکرانیان کە لەسەر ئاڕاستەی دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ئۆکرانیا کاردەکەن و پشتیوانی لە ئەرکەکانی ڕوسیا دەکەن بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵاتەکە و دروستکردنی کاریگەرییەکی مەترسیدار لە وڵاتەکەدا، کە ئەوەش نەک تەنها ئۆکرانیا دەخاتە مەترسییەوە بەڵکو بنچینە سەرەکییەکانی دیموکراسیش دەخەنە مەترسییەوە."

ئەمەریکا چوار ئۆکرانیەکە بە تۆمەتی یارمەتیدانی ڕوسیا لە " دەستکەوتنی زانیاری هەستیار " و " خستنەوەی ناسەقامگیری لە ئۆکرانیا " تۆمەتبار دەکات.

بلینکن وتی " ڕوسیا بۆ ماوەی چەند ساڵێکە تاکتیکی دووڕەگی بەکارهێناوە، لەوانەش بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختە و هەڵمەتەکانی دیکەی بۆ کارکردنەسەر خەڵکی ئۆکرانیا، ئەوەش لەپێناو خستنەوەی ناسەقامگیریدا."

وتیشی " لە ساڵی 2020 دا بەرپرسانی کرێملن پلانی ئەرکێکی زانیارییان دەستپێکرد کە ئامانج لێی ئەوە بوو دەوڵەتی ئۆکرانیا نەتوانێت سەربەخۆیانە چالاک بێت، ئەو کەسانەی ئەمڕۆ سزاکانیان بەسەردا دەسەپێندرێن ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبووە لەو هەڵمەتەدا."

بلینکن وتی " سزاکان جیا و جیاوازن لەو سزا بەرفراوانانەی کە ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی ئامادەیان کردوون بۆ سەپاندنیان بەسەر ئابووری ڕوسیادا ئەگەر هاتوو ئەو وڵاتە ئۆکرانیا داگیربکات."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG