Accessibility links

ئەمەریکا: داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت ڕووبدات


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان دەڵێت ئێستا ئەمەریکا باوەڕی وایە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە " دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت ڕووبدات."

سۆلیڤان لە پڕۆگرامێکی کەناڵی ئێن بی سیدا وتی " باوەڕمان وایە ڕووسییەکان تواناکانی خۆیان خستۆتە کارەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازیی گەورە بۆ ناو ئۆکرانیا، ئێمەش کاردەکەین بۆ ئامادەکردنی وەڵامدانەوەیەک."

لە چاوپێکەوتنێکی جیادا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی " دەکرێت لە هەر ڕۆژ و کاتێکدا بێت ڕووسیا دژی ئۆکرانیا بجوڵێت، یاخود پێدەچێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا بێت." ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا دەڵێن ڕووسیا لە سەدا 70 ی هێزە شەڕکەرەکانی ئامادەکردووە بۆ هێرشکردن.

وتیشی " داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە باجێکی مرۆیی گەورەی دەبێت لەسەر ئۆکرانیا، بەڵام باجێکی گەورەی ستراتیژی دەبێت بۆ ڕووسیا." ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا ئامادەیە کۆمەڵێک سزای ئابووری خێرا و توند بسەپێنێت بەسەر مۆسکۆدا کە زیانێکی گەورە بە ئابووری ئەو وڵاتە دەگەیەنێت.

سۆلیڤان وتی " کاری دواتری ڕووسیا هەرچییەک بێت، ئەمەریکا ئامادەیە."

لە هەمان کاتیشدا سۆلیڤان ئاماژەی بەوەدا ئەمەریکا خوازیارە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا بکات سەبارەت بە نیگەرانییە ئەمنیەکانی پوتن لەسەر کارەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ.

سۆلیڤان وتی دەتوانین گفتوگۆ لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەک بکەین تاوەکو خۆمان بەدووربگرین لە زیادبوونی گرژییەکان و بە هەڵە لەیەک تێگەیشتن.

وتی " بەڵام ئامادە نین گفتوگۆ لەسەر بنچینە سەرەکییەکانی ئاسایش بکەین، لەوانەش دەرگای کراوەی ناتۆ بەڕووی ئەو وڵاتانەدا کە شایستەن ببنە ئەندام تیایدا." پوتن داوایکردبوو هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕێگە نەدا ئۆکرانیا هەرگیز ببێتە ئەندام تیایدا. ئەم لێدوانەی سۆلیڤانیش وەکو ڕەتکردنەوەیەکی ئەو داوایە بوو.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فەرمانیکرد 3000 سەربازی ئەمەریکی ڕەوانەی دوو وڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆ بکرێن لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەوانیش پۆڵەندا و ڕۆمانیا بوون. پێشتریش بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا گەیشتنە بنکەیەکی سەربازیی لە پۆڵەندا، لەنزیک سنووری ئۆکرانیا.

ئەمەریکا بەدووریزانیوە هێزی شەڕکەر ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات و شان بە شانی هێزەکانی ئۆکرانیا بجەنگن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕووسیا هێرش بکات. بەڵام بڕی 500 ملیۆن چەک و موشەکی بەرگری داوە بە حکومەتی ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG