Accessibility links

واشنتن پۆست: ئەمەریکا داوا لە ئۆکرانیا دەکات کراوە بێت بە ڕووی گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیادا


ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە ئەمەریکا بە تایبەتی داوا لە ئۆکرانیا دەکات کراوە بێت بە ڕووی گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیادا، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی مۆسکۆ پەرە بە جەنگەکە دەدات و خواستی جددی گفتوگۆی ئاشتی نیە.

ڕۆژنامەکە لە زاری کۆمەڵێک سەرچاوەی نەناسراوەوە بابەتەکەی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت داواکەی بەرپرسانی ئەمەریکا ئامانج لێی فشارکردن نەبووە لە ئۆکرانیا تاوەکو گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیادا بکات، بەڵکو هەوڵێکی هەژمار کراو بووە بۆ دڵنیا بوونەوە لە پاراستنی پشتیوانییەکانی وڵاتانی دیکە بۆ کیێڤ.

ڕۆژنامەکە وتی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا دانیان بەوەداناوە کە بڕیارەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بۆ قەدەغەکردنی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا نیگەرانی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکای لاتین و ئەفریقای لێکەوتۆتەوە، کە لە هەندێک لەو شوێنانە کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر نرخی خۆراک و سوتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو هەستی پێکراوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە بڵاویکردەوە " ماندووبوونی ئۆکرانیا شتێکی ڕاستەقینەیە بۆ هەندێک لە هاوبەشەکانمان."

لە 4 ی مانگی 10 دا زێلێنسکی بڕیارێکی واژۆ کرد تیایدا بە شێوەیەکی فەڕمی گفتوگۆکردنی ئۆکرانییەکانی لەگەڵ پوتندا قەدەغە کرد و بە " مەحاڵ " ناویبرد، بەڵام دەرگای گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕووسیادا بە کراوەیی هێشتەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی لێدوانی لەسەر ڕاستیی ئەو بابەتە نەداوە.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وەڵامیدایەوە و وتی " پێشتر وتوومانە و دووبارەش دەیڵێینەوە: کردار گرنگترە لە قسەکردن. ئەگەر ڕووسیا ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن، ئەوا دەبێت بۆردومانەکان و هێرشە موشەکییەکانی ڕابگرێت و هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە."

وتیشی " کرێملن بەردەوامە لە پەرەدان بەم جەنگە. کرێملن دەریخستووە خواستی ئەوەی نیە بەجددیی گفتوگۆ بکات."

وتەبێژەکە ئاماژەشی بە لێدوانەکانی ڕۆژی هەینی زێلێنسیکیدا کە تیایدا وتی " ئامادەین بۆ ئاشتی، بۆ ئاشتییەکی یەکسان و دادپەروەرانە، لەو جۆرەی کە چەند جارێک باسمان کردووە."

زێلێنسکی لە وتارەکەی ڕۆژی هەینیدا وتی " جیهان هەڵوێستی ئێمە دەزانێت. ئەمە ڕێزە بۆ پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێزە لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەمان و ڕێزە بۆ گەلەکەمان."

هاوکات ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لە میانەی سەردانەکەی ڕۆژی هەینیدا بۆ کیێڤ جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا و وتی پشتیوانییەکان " جێگیر دەبن و گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG