بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی " ڕووسیا بەنیازە لەڕێی داگیرکارییەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتنەوە حکومەتی ئۆکرانیا لەسەر دەسەڵات لاببات."
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " ئەوەی ئێستا دەیبینین قۆناغی سەرەتای داگیرکارییەکی بەرفراوانە، بەرەو کیێڤ دەجوڵێن."
وتیشی " بەنیازن حکومەتی ئۆکرانیا لەسەر دەسەڵات لاببەن."
بەرپرسەکە وتی لە یەکەم هێرشی ڕووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا 100 موشەکی باڵیستیکی مەودا کورت بەکارهاتوون، هەروەها موشەکی باڵیستیکی مەودا ناوەند و موشەکی کروز و موشەکی زەوی بۆ ئاسمان بەکارهاتوون. موشەکەکان بنکە سەربازییەکان و بنکە ئاسمانییەکان و کۆگاکانی چەکیان کردۆتە ئامانج.
بەرپرسەکە وتی ئەمەریکا " هەندێک ئاماژەی بینیوە " لەسەر ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا بەرگری دەکەن و شەڕ دەکەن."
دوابەدوای هێرشەکانی ڕووسیا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا بەخێرایی و بەشێوەیەکی یەکگرتوو سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و بەڵێنیاندا سزای توندی ئابووری بسەپێنن بەسەر ڕووسیادا.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتی هێزەکانی ڕووسیا هێرشی ئاسمانیان کردۆتە سەر ژێرخانی سەربازیی و پاسەوانەکانی سنووری ئۆکرانیا. هەروەها داواشی لە خەڵکەکە کرد ئارام بن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
زیلینسکی وتی " مەترسن. ئێمە بەهێزین. ئامادەین بۆ هەموو شتێک. بەسەر هەموواندا سەردەکەوین چونکە ئێمە ئۆکرانیاین."
وتیشی " حکومەت چەک دەدات بە هەر کەسێک کە بیەوێت بەرگری لە وڵاتەکە بکات."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا