دوو بەرپرسی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاند ئەمەریکا بیر لە ناردنی سیستمە کۆنەکەی بەرگری ئاسمانی هۆک دەکاتەوە بۆ ئۆکرانیا، ئەوەش لە پێناو ئەوەی ئۆکرانیا بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکە کروزەکانی ڕووسیادا.
سیستمی بەرگری موشەکی هۆک ئاستێک بەرزترە لە سیستمی بەرگری موشەکی ستینگەر کە بچووکترە و مەوداکەشی کورترە، ئەمەریکا پێشتر سیستمی بەرگری موشەکی ستینگەری داوە بە ئۆکرانیا.
بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەسەڵاتێکی سەرۆکایەتی بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی سیستمی هۆک کە تەکنەلۆجیای سەردەمی ڤیێتنامی لەسەرە و چەند جارێک نوێکراوەتەوە. دەسەڵاتەکە ڕێگە بە ئەمەریکا دەدات ئەم سیستم و خزمەتگوزارییە بە خێرایی لە کۆگاکانەوە بگوازێتەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە پەسەندکردن هەبێت لەلایەن کۆنگرێسەوە.
ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بزانێت بە دیاریکراوی ئەمەریکا چەند سیستمی هۆک و موشەکی لە بەردەستدایە بۆ گواستنەوە. کۆشکی سپیش ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدات.
بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان وت سیستمی هۆک پێش سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت دروست کراوە، تاوەکو ئێستا سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت نەدراوە بە ئۆکرانیا.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێنی بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوە کە واشنتن سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو دەدات بە ئۆکرانیا، ئەوەش دوای هێرشە موشەکییە بەرفراوانەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارەکانی سەرانسەری ئۆکرانیا.
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ گوتی ئیسپانیا بە نیازە چوار هاوێژەری موشەکی هۆک بدات بە ئۆکرانیا.
بەرپرسەکەی ئەمەریکا گوتی لەم هەفتەیەدا تاوتوێی دەسەڵاتە سەرۆکایەتییەکە دەکرێت، یەکێک لە بەرپرسەکان وتی ڕەنگە نیوەی بڕی ئەو یارمەتییە بێت کە لەمدواییانەدا بۆ ئۆکرانیا دابین کرا و بڕەکەی دەگەیشتە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەرپرسانی ئەمەریکا: واشنتن بیر لە پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی هۆک دەکاتەوە بە ئۆکرانیا
