Accessibility links

سەرۆک ترامپ: هەرگیز نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت پـێویستە کاری هاوبەشبکرێت بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی و هەرگیز نابێت ئێران ببێتە خاوەنی ئەم چەکە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ خانم تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا گوتی لە ئەمڕۆدا مەترسی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی گەورەترین کێشەی جیهانە.

گوتیشی لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕێکەوتووە کە هەرگیز نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی. داواشی لێکردووە بەردەوامبێت لە فشارەکانی بۆ سەر ئێران.

باسی لەوەش کرد کە لە کارنامەکەیدایە مەسەلەی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی بهێنێتەبەرباس لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا لە ڕۆژی دووشەممە لە هیلسنکی.

لای خۆیەوە خانم تێراێزا مەی گوتی لە کۆبوونەوەی ناتۆ باسیان لە دەسـتێوەردانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆک ترامپ تاووتوێی ئەوەیان کردووە کە چی زیاتر بکرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران لە یەمەن و کەمکردنەوەی مەینەتەکانی خەڵکی سیڤیل.

سەرۆک ترامپ جەختی لەوەش کرد پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا هەرگیز پـێشتر بەم ئاستەی ئێستا وەها بەهێز نەبووە. سوپاسی خانم تێرێزا مەی کرد بۆ زیادکردنی ئەو بڕە پارەیەی بەریتانیا بۆ خەرجیـیەکانی ناتۆ تەرخانی دەکات.

سەرۆک وەیزی بەریتانیاش گوتی کاری هاوبەشی ئاسایشی نێوان بەریتانیا و ئەمەریکا لە قۆناغی داهاتوو ڕوو لە زیادبوون دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت پەیوەندیـیە ئابوریـیەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەیان پـێدرێت.

XS
SM
MD
LG