ئەمەریکا و بەڕیتانیا ڕۆژی شەممە داوایان لە هاووڵاتیانیان کرد لوبنان جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانەوە لە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنان لە ناوچەکەدا.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان لە ئاگادارکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییەکان گەشتەکانییان بۆ بەیروت و بە پێچەوانەشەوە ڕاگرتووە یان بلیتیان نەماوە، بەڵام بژاردەکانی دیکەی گواستنەوە بۆ جێهێشتنی لوبنان هێشتا بەردەستن.
باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی کرد لە لوبنان هەرچۆنێک بێت بلیت ببڕن هەتا بەردەستن، تەنانەت ئەگەر فڕۆکەکەش دەستبەجێ نەڕوات یان بۆ ئەو وڵاتە نەڕوات کە خۆیان دەیانەوێت. وتیشی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییانەی کە پارەی تەواوییان نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەمەریکا دەتوانن پەیوەندی بە باڵیۆزخانەکەوە بکەن بۆ وەرگرتنی یارمەتی دارایی و بە قەرز پارەیان دەدرێتێ.
هەروەها داوای لەو هاووڵاتیانە کرد کە نایانەوێت لوبنان جێبهێڵن، پلانی بە پەلەیان هەبێت بۆ دۆخە بە پەلەکان و ئامادە بن بۆ هەر حاڵەتێک.
هاوکات حکومەتی بەڕیتانیا داوای لە هاووڵاتیانی کرد لە لوبنان دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی هاووڵاتیانی بەڕیتانیایی دەبێت دەستبەجێ لوبنان جێبهێڵن، " ئێستا کاتێک بژاردەی گەشتە ئاساییەکان هێشتا بەردەستن."
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانای دەیڤد لامی وتی " گرژییەکان زۆرن، دۆخەکەش زۆر بە خێرایی خراپتر دەبێت. لە کاتێکدا کە کاردەکەین بۆ پتەوکردنی کارە ڕاوێژییەکانمان لە لوبنان، پەیامی من بۆ هاووڵاتیانی بەڕیتانیایی لەوێ ئەمەیە: ئێستا جێیبهێڵن."
وەزارەتەکە وتی پشتیوانییەکانی بۆ بەڕیتانیاییەکانی ناو لوبنان " پتەو" دەکات، ئەوەش لە ڕێی ڕەوانەکردنی " هێزی سنوور و بەرپرسانی کونسوڵگەری و سەرباز بۆ ناوچەکە."
وتیشی، " لەگەڵ ئەمەشدا کەشتی ئاڕ ئێف ئەی کاردیگان بەی و ئەیچ ئێم ئێس دەنکن پێشتریش لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند بوون بۆ پشتیوانیکردن لە ڕێی یارمەتی مرۆییەوە، هێزی ئاسمانی شاهانەش فڕۆکەی هێلیکۆپتەری گواستنەوەی خستووەتە ئامادەباشییەوە."
سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە فڕانس پرێس