Accessibility links

هێزەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا هێرشی ئاسمانی زیاتر دەکەنە سەر حوسییەکان لە یەمەن


بەرپرسان دەڵێن هێزەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا زیاتر لە دەرزەنێک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن، ئەمەش لە نوێترین کردەوە سەربازییەکاندا دژی حوسییەکان کە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

ئەمەریکا نزیکەی ڕۆژانە هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر حوسییەکان کە کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچە قەرەباڵغەکانی یەمەنییان کردووە و وتوویانە هێرشەکانییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا مەبەست لێی دەرخستنی پشتیوانییە بۆ فەلەستینییەکان دژی ئیسڕائیل.

تاوەکو ئێستا هێرشە ئاسمانییەکان نەیانتوانیوە هێرشەکانی حوسییەکان ڕابگرن کە بازرگانی جیهانی تێکداوە و نرخی گواستنەوەی شتومەکی لە ڕێی دەریای سوورەوە گرانتر کردووە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەو وڵاتانەدا کە بەشدارییان لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کردووە یاخود پشتیوانییان کردووە هاتووە دەڵێت کردەوە سەربازییەکە دژی 18 ئامانجی حوسییەکان بووە لە سەرانسەری هەشت شوێنی یەمەندا، بە کۆگاکانی ژێرزەمینی چەک و تەقەمەنی و سیستمی بەرگری ئاسمانی و ڕادار و هێلیکۆپتەرێکیشەوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی مەبەست لە هێرشە ئاسمانییەکان " تێکدانی زیاتر و کەمکردنەوەی تواناکانی حوسییەکان بووە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت."

وتی " بەردەوام دەبین لە ڕوونکردنەوە بۆ حوسییەکان کە ڕووبەڕووی دەرەنجامەکان دەبنەوە ئەگەر هێرشە نایاساییەکانییان ڕانەگرن، کە زیان بە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێت و زیانی ژینگەیی دەبێت و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ یەمەن و وڵاتانی دیکەش تێکدەدات."

هێرشە ئاسمانییەکان لەلایەن ئوستڕاڵیا و بەحرەین و کەنەدا و دانیمارک و هۆڵەندا و نیوزلەنداوە پشتیوانی لێکرا.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی هەواڵی ئەلمەسیرەی حوسییەکان ڕۆژی شەممە وتی هێزەکانی بەڕیتانیا و ئەمەریکا کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانییان لە سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجام داوە.

کەناڵەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی حوسییەکانەوە بڵاویکردەوە " نوێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان هەوڵێکی بێسوودن بۆ ڕێگریکردن لە یەمەن لە دابینکردنی ئۆپەراسیۆنی پشتیوانیدا بۆ گەلی فەلەستینی لە غەززە."

پێشتر لەم هەفتەیەدا حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشێکییان بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگری بەڕیتانی و هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر کەشتییەکی تێکشکێنەری ئەمەریکایی ڕاگەیاند، هەروەها بە موشەکی باڵیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شاری هاوینەهەوار و بەندەری ئیلاتی ئیسڕائیلییان کردە ئامانج.

هێرشی حوسییەکان هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی بە کەناڵی سوێزدا تێکداوە کە نزیکەی لە سەدا 12 ی هاتووچۆی دەریایی لە جیهاندا تێدا دەکرێت. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کەشتییە بازرگانییەکان چیتر لەو ڕێڕەوەوە نەڕۆن و ڕێگەیەکی دوورودرێژتر و گرانتر بە دەوری ئەفریکادا بگرنەبەر.

لە هێرشەکانی حوسییەکاندا تاوەکو ئێستا هیچ کەشتییەک نقوم نەبووە و هیچ کەسێکیش لەسەر کەشتییەکان نەکوژراوە. بەڵام نیگەرانی هەن سەبارەت بە کەشتی بارهەڵگری ڕوبیمار کە لە بەڕیتانیا تۆمار کراوە و لە 18 ی مانگی دوودا کرایە ئامانج. کارمەندەکانی ناو کەشتییەکە کەشتییەکەیان چۆڵ کردووە. سوپای ئەمەریکا وتی ڕوبیمار زیاتر لە 41,000 تەن پەینی پێبووە لەو کاتەدا کە لێیدراوە، کە دەکرێت بڕژێتە دەریای سوورەوە و ببێتە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی.

یەکێتی ئەوروپاش ئەرکێکی دەریایی لە دەریای سوور دەستپێکردووە، ئەوەش بە مەبەستی " گەڕاندنەوە و پاراستنی ئازادی هاتووچۆی دەریایی."

ئەمەریکاش هاوپەیمانێتییەکی هەیە کە بە ئۆپەراسیۆنی پاراستنی خۆشگوزەرانی ناسراوە و ئامانج لێی پاراستنی هاتووچۆی بازرگانییە لە هێرشی حوسییەکان لە دەریای سووردا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG