Accessibility links

یەمەن: هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا جارێکی دیکە هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا هێرشێکی ئاسمانی نوێیان کردووەتە سەر ئامانجە حوسییەکان لە یەمەن، لە هێرشەکانییاندا کۆگاکانی ژێرزەوی و توانا موشەکی و چاودێرییەکانی حوسییەکانییان کردووەتە ئامانج کە دژی کەشتییەکانی دەریای سوور بەکارهێندراون.

حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و زۆربەی یەمەنییان کۆنتڕۆڵ کردووە، دەڵێن هێرشەکانییان بۆ دەرخستنی پشتیوانییە لە فەڵەستینییەکان دژی ئیسڕائیل.

هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا بازرگانی جیهانی لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا تێکداوە و ترس و نیگەرانی دروست کردووە لەسەر هەڵاوسانی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان. هەروەها نیگەرانییەکانییان زیاتر کردووە سەبارەت بە پەرەسەندنی جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە بە سەرانسەری ناوچەکەدا.

لە هێرشەکەی ئەمجارەدا، هێزەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا هەشت شوێنی جیاوازییان لە یەمەن کردووەتەوە ئامانج، بە پشتیوانی ئوستڕاڵیا و بەحرەین و کەنەدا و هۆڵەندا، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەو وڵاتانە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک ڕۆژی سێشەممە بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت " بەڵگە سەرەتاییەکەمان کە لە هێرشەکەی شەوی ڕابردووەوە وەرگیراوە دەریدەخات کە سەرجەم ئامانجە خوازراوەکان لە ناوبراون."

بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی نزیکەی 25 بۆ 30 تەقەمەنی تەقێندراون، هەندێکییان لەو فڕۆکە جەنگییانەوە بوون کە لە کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکاییەوە ڕەوانە کرابوون.

لەم مانگەدا هەشت جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن. وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان یەحیا سەریا وتی هاوپەیمانێتییەکەی ئەمەریکا و بەڕیتانیا 18 هێرشی ئاسمانی ئەنجام داوە: 12 هێرشییان لە سەنعای پایتەخت، سێ هێرشییان لە شاری حودەیدە، دوو هێرشییان لە تەیز و هێرشێکی دیکەیان لە هەرێمی ئەل بەیدە.

وتی " ئەم هێرشانە بەبێ وەڵام و بەبێ سزا بەسەرماندا تێناپەڕن."

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن هێرشەکان تواناکانی حوسییەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاڵۆز کەم دەکەنەوە. بەڵام ڕەتییان کردووەتەوە ئاماژە بەوە بدەن تاوەکو ئێستا چەند موشەک و ڕادار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و توانا سەربازییەکانی دیکەی حوسییەکان لە ناوبراون.

بەرپرسە سەربازییەکەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکای وت " ئەو کاریگەرییەی کە ویستوومانە هەمانبووە."

دوابەدوای نوێترین هێرشە ئاسمانییەکان، وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد کامیرۆن وتی ئەم کارە پەیامێکی ڕوونی نارد بۆ حوسییەکان.

وتی " بەردەوام دەبین لە کەمکردنەوەی تواکانییان بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە هێرشانە و لە هەمان کاتیشدا ڕوونترین پەیام دەنێرێت لەسەر ئەوەی کە ئێمە بە کردار پشتیوانی لە قسە و هۆشدارییەکانمان دەکەین."

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوام دەبن، هاوکات دانی بەوەدانا کە ڕەنگە نەبنە هۆی ڕاگرتنی هێرشەکانی حوسییەکان.

هەفتەی ڕابردوو حوسییەکان دوو موشەکی باڵیستیکی دژە کەشتییان بە ئاڕاستەی کەشتییەکی تانکەری ئەمەریکاییدا هەڵدا و موشەکەکان لە نزیک کەشتییەکەوە کەوتنە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددی لێنەکەوتەوە.

شارەزایان دەڵێن ستراتیژییە نوێیەکەی بایدن بۆ یەمەن ئامانج لێی لاوازکردنی چەکدارانی حوسییەکانە، بەڵام ڕاستەوخۆ هەوڵی لە ناوبردنی حوسییەکان یاخود مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا نادات، کە سپۆنسەری سەرەکی حوسییەکانە.

ستراتیژییەکە، کە تێکەڵەیەکە لە هێرشی ئاسمانی سەربازیی و سەپاندنی سزاکان، وادەردەکەوێت ئامانج لێی سزادانی حوسییەکان بێت و لە هەمان کاتیشدا سنووردارکردنی ململانێیەکی بەرفراوانتر بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سوناک وتی بەڕیتانیا و ئەمەریکا لە نزیکەوە کاردەکەن لەسەر سەپاندنی سزای نوێ و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سزاکان ڕادەگەیەندرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG