Accessibility links

کۆشکی سپی پێی وایە سەرۆک ترامپ پێشوەخت ئاگاداری دەستگیرکردنی ئاسانج نەبووە


دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکیلیکس جولیان ئاسانج

ڕاوێژکاری کۆشکی سپی کیڵیان کۆنوەی وتی پێی وانیە سەرۆک دانۆڵد ترامپ پێشوەخت ئاگاداری ئەوە بووبێت پۆلیسی بەڕیتانیا دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکیلیکس جولیان ئاسانج دەستگیر دەکات و ئەمەریکاش تۆمەتباری دەکات.

کاتێک سەبارەت بەوەی کە ئایا سەرۆک ترامپ پێشتر بە بابەتی ئاسانجی زانیوە پرسیاری لێکرا، کۆنوەی بە ئێن بی سی وت " ئەوەندەی من ئاگاداربم نەخێر." ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو پۆلیسی بەڕیتانیا ئاسانجیان لە باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر لە لەندەن هێنایە دەرەوە کە ساڵی 2012 دا پەنای بۆ ئەوێ بردبوو تاوەکو ڕادەست نەکرێت.

نوێنەرانی دادوەری گشتی لە ئەمەریکا دواتر تۆمەتیان ئاڕاستەی ئاسانج کرد و بە تۆمەتی کارکردن و پلاندانان لەگەڵ شیکەرەوەی پێشووی زانیارییەکانی هەواڵگری سوپا چێڵسی مانینگدا بۆ گەیشتن بە کۆمپیوتەرەکانی حکومەتی ئەمەریکا تۆمەتباریان کرد، کە ئەمەش بە گەورەترین دزەکردنی زانیاریی نهێنی دادەنرێت لە مێژووی ئەمەریکادا.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا وتی بەپێی پەیماننامەی ڕادەستکردنی تاوانباران لە نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیادا ئاسانج دەستگیرکرا.

پارێزەرانی ئاسانج وتیان ئەگەر ڕادەستی ئەمەریکا بکرێتەوە ئەوا لەوانەیە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان ببێتەوە، ئاماژەشیان بەوەدا ئەم تۆمەتانە زیان بە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەگەیەنێت.

کۆنوەی وتی پێی وایە سەرۆک ترامپ نەیزانیوە چی بەسەر ئاسانجدا دێت، بەڵام وتیشی بەپێی ئەو گفتوگۆ زۆرانەی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا ئەنجامیداوە، سەرۆک ترامپ دژی بڵاوبوونەوەی ئەمجۆرە زانیارییە نهێنیانەیە.

وتیشی " سەرۆک ترامپ پێی وایە ئەوانەی ئەمجۆرە زانیارییانە بڵاودەکەنەوە دەبێت ئەو کارە نەکەن."

وتیشی " بە بۆچوونی ئێمە هەرکەسێک ئەم زانیارییە نهێنییانە بڵاوبکاتەوە دەبێت دووجار بیر بکاتەوە پێش ئەوەی ئەو کارە بکات، چونکە ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG