ئەمەریکا و بەڕیتانیا بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر حوسییەکان لە یەمەن، ئەمەش دوای ئەوەی حوسییەکان لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە دەستییان کرد بە هێرش کردنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سووردا.هێرشەکان لە ئاستی جیهانی و نێوخۆی ئەمەریکا کاردانەوەیەکی بەرفەراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.
ڕووسیا
سەبارەت بە هێرشەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا وتی " هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن نموونەیەکی دیکەیە لەسەر لادانی ئەنگلۆ ساکسنەکان لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان."
زاخارۆڤا وتی هێرشەکان " یاسای نێودەوڵەتییان پشتگوێ خستووە و دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا." ڕووسیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.
ئێران
لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی وتی " ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری خاکی یەمەنن، هەروەها پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانن." جێی ئاماژەیە حوسییەکانی یەمەن یەکێکن لەو گروپە چەکدارییانەی ناوچەکە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.
حیزبوڵڵای لوبنان
حیزبوڵڵای لوبنانیش لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوژمنکاری ئەمەریکا جارێکی دیکە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەمەریکا هاوبەشێکی تەواوە لە تراجیدیا و کۆمەڵکوژییەکانی زایۆنی دوژمن لە غەززە و ناوچەکەدا."
سعودیە
وەزارەتی دەرەوەی سعودیەش لە بەیاننامەیەکدا دوای هێرشە ئاسمانییەکان داوای دان بەخۆداگرتن و "خۆبەدوورگرتنی کرد لە زیادبوونی گرژییەکان." هەروەها وتی "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە " چاودێری دۆخەکە دەکەین.
وتی " سعودیە جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی دەریای سوور دەکاتەوە، لە کاتێکدا کە ئازادی هاتوچۆی دەریایی تێیدا خواستێکی نێودەوڵەتییە."
هۆڵەندا
سەرۆک وەزیری هۆڵەندا مارک ڕووتێ وتی " کارەکەی ئەمەریکا و بەڕیتانیا لە مافی بەرگریکردن لە خۆوە سەرچاوەی گرتووە، ئامانج لێی پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییە ئازادەکەیە و سەنگی خستووەتە سەر کەمکردنەوەی گرژییەکان. مافی ڕێڕەوێکی ئاویی ئازاد گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ هۆڵەندا، وڵاتەکە پشتگیری لەم ئۆپەراسیۆنە بە ئامانجە دەکات."
سیناتۆرێکی کۆمارییەکانی ئەمەریکا
سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا، سوسان کۆڵنس، وتی " ئێران و لایەنگرەکانی دەبێت لەوە تێبگەن کە هێرشە دووبارەوەبووەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و تێکدانی ڕێڕەوە ئاوییە هەستیارەکان جێی قبووڵکردن نین."
وتیشی " ئەمەریکا هەوڵی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان نادات لە ناوچەکەدا، بەڵام دەبێت بەرپەرچی هێرشەکانی سەر هێزەکانمان بدەینەوە، هەروەها ئازادی هاتووچۆی دەریایی زۆر گرنگە بۆ بازرگانی جیهانی و دەبێت ئاسایی بکرێتەوە."
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا
یاسادانەری دیموکراتەکانی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی نوێنەران گریگۆری میکس وتی " لە کاتێکدا کە پشتگیری لەم هێرشە ئاسمانییە سەربازییە بە ئامانجانە دەکەم، داوا لە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەکەم بەردەوام بێت لە هەوڵە دیبلۆماتییەکانی بۆ خۆبەدوورگرتن لە جەنگێکی بەرفراوانتر لە ناوچەکەدا و بەردەوام بێت لە گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆنگرێسدا لەسەر وردەکارییەکانی ستراتیژی و بنەما یاساییەکانی ئەم هێرشانە، وەکو چۆن بەپێی یاسا داواکراوە."
ڕابەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات
ڕابەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا میچ مککۆنێڵ وتی " پێشوازی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەکەم دژی تیرۆریستانی حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیرییان لێدەکرێت و بەرپرسن لە تێکدانی بازرگانی نێودەوڵەتی لە دەریایی سوور و هێرشکردنە سەر کەشتییە ئەمەریکاییەکان. بڕیارەکەی سەرۆک بایدن بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دژی ئەم گروپە لایەنگرانەی ئێران دواکەوت. هیوادارم ئەم ئۆپەراسیۆنانە نیشانەیەک بن لەسەر گۆڕانی سیاسەتی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بەرامبەر ئێران و لایەنگرەکانی."
سیناتۆر ڕۆجەر ویکەری کۆماریی
سیناتۆر ڕۆجەر ویکەری کۆمارییەکان وتی " هێرشە ئاسمانییەکان دوو مانگ دواکەوتن، بەڵام هەنگاوێکی یەکەمی باشە بەرەو گەڕاندنەوەی بەرپەرچدانەوەکان لە دەریای سووردا."
وتیشی " ئەم هێرشانە دەبێت هۆشدارییەک بن بۆ حوسییەکان و لایەنگرەکانی دیکەی ئێران لەسەر ئەوەی ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی کارەساتاوی دەبنەوە ئەگەر پەرە بە گرژییەکانی ناوچەکە بدەن."
کاردانەوە چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا
یاسادانەری دیموکراتەکانی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی نوێنەران، ڕۆ خانا وتی " سەرۆک پێویستی بەوەیە بێت بۆ کۆنگرێس پێش ئەوەی هێرشێکی ئاسمانی دژی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام بدات و بمانخاتە ناو ململانێیەکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. ئەوە بەندی یەکەمی دەستوورە. لە پاڵ ئەوەدا دەوەستم ئیتر گرنگ نیە کۆمارییەک یاخود دیموکراتێک لە کۆشکی سپیدا بێت."
یاسادانەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڤال هۆیل وتی " ئەم هێرشە ئاسمانییانە لەلایەن کۆنگرێسەوە مۆڵەتییان پێنەدراوە. دەستوور ڕوونە: کۆنگرێس دەسەڵاتی ڕەهای هەیە بۆ مۆڵەتدان بە ئەرکی سەربازیی لە ململانێ دەرەکییەکاندا. هەموو سەرۆکێک دەبێت سەرەتا بێت بۆ کۆنگرێس و داوای مۆڵەتی سەربازیی بکات، گرنگ نیە سەر بە چی پارتێک بێت."
یاسادانەرێکی دیکەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا جەیسن کرۆو وتی " پشتیوانی لەوە ناکەم ڕابکێشرێینە جەنگێکی بەرفراوانترەوە."
یاسادانەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مارک پۆکان وتی " ئەمەریکا نابێت بچێتە ململانێیەکی چەند دەیەییەوە بەبێ مۆڵەتی کۆنگرێس. کۆشکی سپی دەبێت لەگەڵ کۆنگرێسدا کاربکات پێش ئەوەی بەردەوام بێت لەم هێرشە ئاسمانییانە لە یەمەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز