Accessibility links

ئەمەریکا پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ ئیماڕات زیاتر دەکات


جەنەڕاڵ فرانک مککێنزی
جەنەڕاڵ فرانک مککێنزی

دوابەدوای هێرشە موشەکییەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیماڕات، ئەمەریکا یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ ئەو وڵاتە زیادکردووە. بەمەبەستی پتەوکردنی بەرگری ئیماڕات، فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا جەنەڕاڵ فرانک مککێنزی کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو وڵاتەیە.

شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن هێرشەکانی سەر ئیماڕات دەکرێت زیان بە ناوبانگەکەی بگەیەنن کە وەکو شوێنێکی پارێزراو بۆ کارکردن و گەشتکردن ناسراوە.

جەنەڕاڵ فرانک مککێنزی لە ئیماڕاتەوە وتی شکستەکانی ئەمدواییانەی حوسییەکانی یەمەن لە جەنگی یەمەندا بووەتە هۆی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەبوزەبی. لە ساڵی 2014 دا هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە هەریەک لە ئیماڕات و سعودیە و بەحرەین و میسڕ لەخۆدەگرێت, وەکو پشتیوانییەک لە حکومەتی یەمەن ئەرکە سەربازییەکانیان دژی حوسییەکان دەستپێکرد.

جەنگی یەمەن بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران هاوڵاتی یەمەنی، هەروەها خراپترین قەیرانی مرۆییشی لەو وڵاتەدا دروستکردووە.
بەرپرسانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ئێران لەڕێی قاچاغەوە چەکی پێشکەوتوو ڕەوانەی حوسییەکان دەکات.

مککێنزی وتی " موشەکی باڵیستیکی مەودا ناوەند کە لە یەمەنەوە هەڵدران و چوونە ئاسمانی ئیماڕاتەوە لە یەمەن دروستکراون. بۆیە بەدڵنیاییەوە دەبینین ئێرانییەکان دەستیان لەمەدا هەیە."

بەڕێوبەری لقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی ڕۆما بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتیەکان، گۆزێپی دێنتیس بە دەنگی ئەمەریکای وت " هێرشەکان ئاماژەیەکی بەهێزن لەسەر ئەوەی هیچ وڵاتێک لە کەنداو پارێزراو نیە و حوسییەکان دەتوانن سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بکەنە ئامانج. ئامانج لەم هێرشانە لاوازکردنی ئاسایشی ئابووری و گەشت و دارایی ئیماڕاتە لە ناوچەکەدا."

ئاندریاس کرێگی یاریدەدەدەری پڕۆفیسۆر لە بەشی ئاسایشی زانکۆی کینگ لە لەندەن بە ڕۆژنامەی نیو عەرەب ئۆنلاینی وت " ئەمە زیانێکی گەورە بە ناوبانگی ئیماڕات دەگەیەنێت وەکو یەکێک لە پارێزراوترین وڵات لە جیهاندا. ئەو ڕاستییەی کە بەرگری ئاسمانی ئیمارات نەیتوانی ژێرخانە هەرە گرنگەکەی بپارێزێت، شتێکە کە ئێستا دەبێت چاوی پێدابخشێنێتەوە."

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی فڕۆکەی جەنگی ئێف-22 و دژە موشەک ڕەوانەی ئیماڕات دەکرێن. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش دەڵێت بیر لەوە دەکاتەوە دووبارە حوسییەکان وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی بناسێنێت، لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوودا حوسییەکان لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی جیهان لابرا، ئیماڕاتیش داوا دەکات دووبارە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسرێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG