دەزگای هەواڵی وەفای فەلەستینییەکان بڵاویکردەوە هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک تورک لە ماوەی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکدا دژی فراوانکردنی نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیلییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا بەهۆی برینەکانییەوە گیانی لە دەستداوە. ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە بە فیشەک لەسەری دراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش مەرگی ئایسرنور ئیگزی ئیجییان پشتڕاست کردەوە. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتی ژنەکە لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراوە و وتی ڕووداوەکە " کارێکی کوشتن بووە لەلایەن حکومەتەکەی نەتانیاهووەوە."
سوپای ئیسڕائیل وتی لێکۆڵینەوە " لە ڕاپۆرتەکان دەکات سەبارەت بە کوژرانی هاووڵاتییەکی بیانی لە ئەنجامی ئەو فیشەکانەی کە لە ناوچەکەدا تەقێندراون. وردەکاری ڕووداوەکە و ئەو هەلومەرجەی کە ژنەکە بەرکەوتووە تێیدا هێشتا لە ژێر پێداچوونەوەدان."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر وتی " ئاگاداری مەرگی تراجیدیای هاووڵاتی ئەمەریکایی، ئایسرنور ئیجینین، ئەمڕۆ لە کەناری ڕۆژئاوا. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خێزان و ئازیزانی دەکەین."
میڵەر وتی " بەپەلە زانیاری زیاتر کۆدەکەینەوە لەسەر هەلومەرجی مەرگەکەی و شتی زیاترمان دەبێت بۆ وتن کاتێک شتی زیاتر دەزانین. هیچ ئەرکێکی پێشینەترمان نیە لە پارێزراویی و ئاسایشی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی."
فواد نەفای بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ڕافیدییە لە نابلوس بە ڕۆیتەرزی وت ژنەکە کاتێک گەیشتووەتە نەخۆشخانە لە دۆخێکی زۆر خراپدا بووە، سەری بە سەختی بریندار بووە.
وتی " هەوڵماندا نەشتەگەرییەکی بۆ بکەین بەڵام بە داخەوە گیانی لە دەستدا."
وەفا وتی ڕووداوەکە لە ماوەی خۆپیشاندانێکی ئاساییدا بووە کە لەلایەن چالاکەوانانەوە لە بەیتا ئەنجام دراوە، بەیتا شارۆچکەیەکە لە نزیک شاری نابلوس و لەلایەن نیشتەجێیە جووە نەتەوەپەرستەکانەوە بەردەوام هێرشی کراوەتەسەر.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتی " ئیسڕائیل هەوڵ دەدات هەموو ئەوانە بترسێنێت کە دێن بە هانای گەلی فەلەستینییەوە و ئەوانەی کە ئاشتییانە شەڕ دەکەن دژی کۆمەڵکوژی. ئەم سیاسەتی توندوتیژیییە سوودی نابێت."
زیادبوونی توندوتیژییەکانی نیشتەجێیە ئیسڕائیلییەکان لە گوندە فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوادا بووەتە هۆی توڕەبوونی هەندێک لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئیسڕائیل، بە ئەمەریکاشەوە کە سزای سەپاندووە بەسەر چەند نیشتەجێیەکی ئیسڕائیلیدا.
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر نزیکەی 100 نیشتەجێ هێرشییان کردە سەر گوندی جیت کە دەکەوێتە باکووری کەناری ڕۆژئاواوە، ئەو کارەش لە سەرانسەری جیهاندا سەرکۆنەکرا و حکومەتی ئیسڕائیلیش بەڵێنیدا بە خێرایی سزای هەر کەسێک بدات کە تاوانبار بێت.
فەلەستینییەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان بەردەوام هێزەکانی ئیسڕائیلییان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە کاتێک هێرشەکان ئەنجام دەدرێن ئەوان هیچ ناکەن و تەنانەت هەندێک کات ئەوانیش بەشداری لە هێرشەکاندا دەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز