Accessibility links

ئەمەریکا هۆشداری دەدات لە داختسنی هەدەپە، پشتگیری بۆ کوردانی سوریا دووپاتدەکاتەوە


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دا کە داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پرسیار دەخاتە سەرپرۆسەی هەڵبژاردن لە تورکیا و ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن بەردەوام دەبێت لە پشتگیری هێزە کوردیـیەکان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا.

ڤیکتۆریا نوڵەند، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕامیاری، ڕۆژی چوارشەممە لە میانی دانیشتنێکدا لەگەڵ لیژنەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات، نیگەرانی دەربڕی لە ڕێکارەکانی تورکیا دژ بە ئەندامانی هەدەپە و ڕۆژنامەنووسان و جەختی کردەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی یەپەگە.

ڤیکتۆریا ڕایگەیاند، "ئێمە زۆر بە ڕوونی نیگەرانیـیەکانی خۆمان دەربڕیوە بۆ دەستەڵاتدارانی تورکیا سەبارەت بە قەدەغەکردنی حزبە سیاسیەکان. پێموایە کە ئەو پشتگیریـیەی ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە و ئەنجومەنی نوێنەران بە گشتی دەریانبڕیوە بۆ ئەندامانی هەدەپە زۆر جیگای پێشوازییە. ڕوونە کە ئەم حیزبە [هەدەپە] نوێنەرایەتی چینێکی فراوانی هاوڵاتیانی تورکیا دەکات و قەدەغەکردنی نوێنەرانی ئەو چینە پرسیار دروست دەکات لەسەر پاک و بێگەری هەڵبژاردنەکان. بۆیە لە داهاتوودا بەردەوام دەبین لە ئاماژەکردن بەم بابەتە."

سەبارەت بە هێزە کوردیـیەکان لە سوریا، ئەو بەرپرسە ئەمەریکایـیە جەختیکردەوە لە بەردەوامی پشتگیری بۆ هێزە شەڕکەرەکان بە سەرۆکایەتی یەپەگە و ڕایگەیاند، "ئێمە پێمانوایە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهای خۆیان بەزیادەوە سەلماندووە لە بارودۆخی ئاسایش لە سوریا و لە شەڕی دژ بە داعش."

دەستەڵاتدارانی تورکیا لە ماوەی ڕابردوودا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە چەندین سەکردەی دیاری هەدەپەیان زیندانیکردووە، دیارترینیان سەڵاحەدین دەمیرتاش. هەروەها دەستەڵاتی دادوەری تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ داخستنی هەدەپە بە هەمان تۆمەتی پشتگیری بۆ پەکەکە.

بۆب مەنەندێز، سیناتۆری دیموکرات و سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات
بۆب مەنەندێز، سیناتۆری دیموکرات و سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات

لە دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەممە تایبەت بە پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا، بۆب مەنەندێز، سیناتۆری دیموکرات و سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات، ڕایگەیاند ڕێوشوێنەکانی دەستەڵاتی تورکیا دژ بە هەدەپە و ڕۆژنامەنووسان هاوشێوەی ڕەفتارەکانی حکومەتی ڤلادیمێر پۆتینە لە ڕووسیا.

سەبارەت بە کردەوەکانی تورکیا لە سوریا، سیناتۆر بۆب ئاماژەی بەوە کرد ئەنکەرە لە ڕێگەی دەستێوەردانی سەربازیەوە لە ڕابردوو، " کە هەندێکیان ڕاستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دۆناڵد ترەمپ چرای سەوزیان بۆ هەڵکرابوو،" هەژموونی خۆی جێگیرکردووە لە چەندین ناوچەی فراوانی باکوری سوریا.

بۆب ڕایگەیاند، "لە کاتێکدا ئەو ناوچانە بوونەتە ئارامگا بۆ ملیۆنان سوری کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتەوە ئاوارەبوون، ئەمەی کردوویانە زۆر خراپ و مەترسیدار لەسەر دانیشتوانی کوردی ناوچەکە کەوت. کە دووچاری ئاوارەبوون و دەستگیرکردنی نایاسایی و ئەشکەنجەدان بوون، بە نایاسایی دەستگیراوە بەسەر موڵک و ماڵیان چەندین پێشێلکاری تری مافی مرۆڤ بەرامبەریان کراوە بە دەستی ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆن کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات. بەدەر لە نیگەرانیە قوڵەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ، ئەم کردەوانە ڕاستەوخۆ هاریکاری هاوبەشی دژەتیرۆری ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و شەڕی هاوبەشمان دژی داعش لاوازدەکات. ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە."

لە دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەممە لە واشنتن بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سیناتۆری دیموکرات و کۆماری، بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانیان دەربڕی لە کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیایی ناسراو بە S- 400 لەلایەن تورکیا، وە هۆشداریان دا لە سەپاندنی سزای زیاتری ئابوری دژ بە ئەنکەرە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم پەیوەندیە سەربازیە لەگەڵ مۆسکۆ. وە لە هەمان کاتدا ڕەخنەیان گرت لە سیاسەتی هەرێمی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست بە تایبەت قوبڕس و دەستێوەردانەکانی ئەنکەرە لە گرژیـیەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان.

ڤیکتۆریا نوڵەند، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕامیاری، ڕایگەیاند کە سەرەڕای جیاوازیـیەکان تورکیا پێگەیەکی گرنگی هەیە وەکو ئەندامێکی کاریگەری ناتۆ و ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵ لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان. لە هەمان کاتدا، ڤیکتۆریا ئاماژەی بەوە کرد کە قەبارەی بازرگانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا سەرووی 20 ملیارە و نزیکی 1700 کۆمپانیای ئەمەریکایی لە تورکیا کاردەکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی 60 کۆمپانیای تری ئەمەریکایی نووسینگەیان هەیە لەو وڵاتە.

ئەو بەرپرسە ڕایگەیاند کە ئیدارەی بایدن پەیوەندی بەردەوام و ڕوونی هەڵوێست لەگەڵ بەرپرسانی تورک بەباشترین بژاردە دەبینێت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانیـیەکان لەگەڵ ئەنکەرە.

XS
SM
MD
LG