Accessibility links

گەورەترین پارتی سەر بە کورد لە توکیا دادگایی دەکرێت


دادگای باڵای تورکیا فرمانیداوە لایەنی سەرەکی سەر بە کورد دادگایی بکرێت بەهۆی وەک دەگوترێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ چەکدارە کوردەکاندا؛ وڵاتانی ڕۆژئاواش ناڕەزاییەکی توندیان لەسەر ئەم دۆسێیە دەربڕیوە.

دادپارێزان لە سەرەتاکانی ئەم مانگەدا، داوایەکی یاسایی نوێیان خستە بەردەم دادگای دەستورییەوە وەک هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی چەپی گەلانی دیموکراسی، هەدەپە.

هەدەپە سێهەمین گەورەترین لایەنی ناو پەرلەمانی تورکیایە.

پێشتریش لە مانگی 3 دادوەرانی دادگای باڵا، نوسراوەکانی خرابوونە بەردەمیان، ڕەتیان کردبووەوە و جارێکی تر دادپارێزەکان نوسراوی گوناهبارکردنەکەیان لە ڕۆژی 7ی مانگی 6دا خستەوە بەردەم دادوەران.

دادگای دەستوریی تورکیا نوسراوی گوناهبارکردنی هەدەپەی پەسەند کردووە، بەڵام ئەو داوایەی کراوە بۆ داخستنی ئەژماری بانکیی هەدەپە، ڕەت کراوەتەوە "لەم قۆناغەدا".

کۆمەکە داراییەکان بۆ هەدەپە لەو ئەژمارە بانکییەدا دادەنرێن.

حکومەتەکەی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەدەپە گوناهبار دەکات بەوەی باڵە سیاسییەکەی پارتی کرێکارانی کوردستانە، پەکەکە.

پەکەکە، کە لەلایەن ئانکەرە و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانییەوە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست دادەنرێت، لە ساڵی 1984ەوە یاخیبوونی بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاندووە و لەوکاتەشەوە تا ئێستا دەیان هەزار کەس بەهۆی شەڕەکانی نێوانیانەوە کوژراون.

مەهەپە، پارتی نەتەوەپەرستی ڕاستڕەو، هاوپەیمانە بچوکە کاریگەرەکەی ئەردۆغان، بەردەوام داوای قەدەغەکردنی هەدەپەی کردووە.

هەدەپە نکوڵی دەکات لەوەی هیچ پەیوەندییەکی فەرمی هەبێت بە چەکدارە کوردەکانەوە و دەڵێت "هەر هێرشێکی ئاکەپەی ئەردۆغان و فەرمانڕەوای تورکیا و مەهەپە، تۆڵەکردنەوەیە لەو ئۆپزسیۆنە توند و بێسنورەی هەدەپە لە بەرامبەر حکومەت هەیەتی."

وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕوانگەی سیاسییەوە ئەم دۆسێیە دژی هەدەپە دەبینن.

لە مانگی 3ی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند بڕیاری قەدەغەکردنی هەدەپە "بنکۆڵکردنێکی زیاتری" دیموکراسییە.

هەر لە مانگی سێدا یەکێتی ئەوروپاش ڕایگەیاند "قەدەغەکردنی هەدەپە پێشێلکردنی مافی بە ملیۆنان دەنگدەرە لە تورکیادا."

لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018ی پەرلەمانی تورکیادا، هەدەپە نزیکەی 6 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا.

ئەم بڕیارەی دادگا تەنها 4 ڕۆژ پاش ئەو هێرشە بووە کە کرایە سەر ئۆفیسێکی هەدەپە لە ڕۆژئاوای تورکیا، ڕەخنەگران ئەو هێرشەیان بەستۆتەوە بۆ ئەو گوتارە توندئامێزانەی دژ بە هەدەپە هەن.

چەکدارێک ڕۆژی 5شەممە تەقەی کرد و دینیز پۆیراز، ئەندامی هەدەپەی کوشت لە ئیزمیر؛ هەدەپە، لۆمەی ئەو هێرشەی لە ئەستۆی پارتی فەرمانڕەوای تورکیا دەنێت و دەڵێت "هاندەری ئەو هێرشە دڕندانەیە بووە."

XS
SM
MD
LG