Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساند


پاش نزیکەی مانگ و نیوێک لەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساند، ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەنجومەنی سیناتیش بڕیارێکی هاوشێوەی بۆ ئەم مەبەستە پەسەندکرد.

پـرۆژە بڕیاری ژمارە S.Res.150 ئەمڕۆ لەلایەن هەردوو سیناتۆر بۆب مێنیندێز (دیموکرات) و سیناتۆر تێد کروز (کۆماری) خرایە بەردەم ئەنجومەنی سینات و بە تێکڕای دەنگ پەسەندکردا.

لە بڕیارەکە هاتووە، مەزەندەدەکرێت 1.5 ملیۆن ئەرمەنی لە نێوان ساڵانی 1915 هەتا 1923 لەلایەن ئیمپـراتۆریەتی عوسمانیـیەوە کوژرابن.

سیناتۆر بۆب مێنیندێز لە پاش پەسەندکردنی بڕیارەکە لەسەر تویتەرەکەی نووسی ئەوەی لە ئەرمینیا ڕووی دا بێگومان جینۆسایدبووە وە هیچ وشەیەکی دیکە نیـیە گوزارشتی لێبکات.

سیناتۆر تێد کروز ئەویش نووسیویەتی جێی شانازیـیە پـرۆژە بڕیارەکەی خۆی و سیناتۆر بۆب مێنیندێز پەسەندکرا.

سیناتۆر چەک شومەر (دیموکرات) دەڵێت پـێشتر سێ جار لەسەر داوای کۆشکی سپی ڕێگری لە پەسەندکردنی بڕیارەکە کرا. داواشی لە سەرۆک ترامپ کرد پشتیوانی لە بڕیارەکە بکات.

کۆمیتەی نیشتمانی ئەرمەنەکانی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ لێدوانی هەردوو سیناتۆر بۆب مێنیندێز و تێد کروزی بڵاوکردەوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر دەرکردنی بڕیارەکە کە بە مێژوویی ناودێریکرد.

لە تورکیاش، فەخرەدین ئاڵتون بەڕێوەبەری پەیوەندیـیەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لەسەر تویتەرەکەی ناڕەزایی زۆری بەرامبەر بڕیارەکە دەربڕیوە، دەڵێت ئەم بڕیارە هیچ لە بەرژەوەندی پەیوەندیـیەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکادا نیـیە.

XS
SM
MD
LG