Accessibility links

پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لەسەر S-400 ی ڕووسیایی ئاڵۆزتردەبن


ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیارێکی پەسەندکرد کە تیایدا داوای لە تورکیا کردووە دەستبەرداری بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ی ڕووسیایی بێت.

ئەنجومەنی نوێنەران دوێنێ دووشەممە بڕیارەکەی پەسەندکرد، دەڵێت ئەگەربێت و حکومەتی تورکیا لە بەدەستهێنانی ئەم سیستەمە پاشگەز نەبێتەوە، ئەوا پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا و هەروەها ڕۆڵی تورکیا لە ناتۆ دەکەونە بەر مەترسیـیەوە.

یاسادانەرانی ئەمەریکایی دەڵێن ناکرێت تورکیا سیستەمی S-400 و فڕۆکەی F-35 ی ئەمەریکایی پـێکەوە هەبێت، بۆیە هیچ چارەسەرێکی مامناوەندی نیـیە یان ئەوەتا ئەنکەرە دەستبەرداری ئەم سیستەمەی ڕووسیا دەبێتەوە و پشتیوانی لێدەکەن بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی پاتریۆتی ئەمەریکایی یانیش پاشگەز نەبێتەوە و بکەوێتە بەر سزاکانی ئەمەریکا و لە بەرنامەی فڕۆکەی F-35 بکرێتە دەرەوە.

دەشڵێن ناتوانن تەکنەلۆجیایەک کە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکاوە هەیە بخەنە بەر دەستی ڕووسیا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران گرت و نووسیویەتی بڕیارەکە ناگونجێت لەگەڵ ئەو پەیوەندیـیە دۆستانەی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

دەشڵێت جێی قبوڵ نیـیە لەو بڕیارە باس لە سیاسەتی دەرەوە و سیستەمی دادوەری تورکیا کراوە، وە ناکرێت بە زمانی هەڕەشەئامێز قسە لەگەڵ تورکیادا بکرێت.

لە لایەکی دیکە کاربەدەستانی لەشکری ئەمەریکا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی تورکی لەسەر فڕۆکەی F-35 لە بنکەی هێزی ئاسمانی لە ویلایەتی ئەریزۆنا ڕاگیراون، دەڵێن هەتا تورکیا لە بەدەستهێنانی S-400 وازنەهێنێت، ئەوا ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر کارەکانیان بۆ کۆتایی‌هێنان بە بەشداری تورکیا لە بەرنامەی فڕۆکەی F-35.

جێی ئاماژەیە تورکیا لە بەرنامەی دروستکردنی ئەم فڕۆکەیە بەشدارە و دەیەوێت 100 فڕۆکەی لێبکڕێت.

XS
SM
MD
LG