Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت لەم هەفتە وتووێژی زیاتر لەگەڵ تورکەکان دەکەن لە بارەی قەشە ئەندرۆ


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی وتووێژی زیاتر لەگەڵ تورکیا دەکات سەبارەت بەو قەشە ئەمەریکایـیەی نزیکەی دوو ساڵە لە تورکیا دەسـتگیرکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە میانەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، مایک پەمپـێۆ پـرسیاری لێکرا لە بارەی ئەو دەنگۆیەی دەڵێت تورکیا لەم مانگە قەشە ئەندرۆ برەنسن ئازاددەکات. ئەویش لە وەڵامدا گوتی"بەڵێ ڕەنگە لەم مانگە ئازادبکرێت. ئەو دەبووایە مانگی ڕابردوو ئازادبکرێت و دەشبووایە ئەمڕۆ ئازادبکرێت."

گوتیشی دڵنیایە لەوەی لەم هەفتەیە لەم بارەیەوە وتووێژ لەگەڵ تورکەکان دەکەن، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی هیچ شتێکی زیاتریان نیـیە پـێـیان بڵێن و پـێشتر داخوازیـیەکانی سەرۆک ترامپیان بۆ گەیاندوون.

کاربەدەستێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی پەمپـێۆ هیچ زانیاریـیەکی لە بارەی ئەو دەنگۆیە نیـیە، بەڵام بە وەڵامەکەی گوزارشت لەوە دەکات کە دەبوایە قەشە ئەندرۆ لە مێژەوە ئازادبکرایە.

پـێشتر ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری کاربەدەسـتانی تورکەوە بڵاویکردووەتەوە کە لە 12 ی مانگی دە دانیشتنی داهاتووی دادگایەکی خۆجێـیـیە بۆ کەیسەکەی قەشە ئەندرۆ، وە ڕەنگە ئازادبکرێت.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن قەشە ئەندرۆ سیخوڕ بووە و پشتیوانی لە هەردوو ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە. بەڵام قەشە ئەندرۆ بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG