Accessibility links

ئەمەریکا ئاگاهی بە تورکیا دەدات ئەگەر بێت و قەشەکەی ئازاد نەکات ئەوا سزای بەسەردا دەسەپـێنێت


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاگاهی بە تورکیا دا لەوەی ئەگەربێت و ئەو قشە ئەمەریکایـیە ئازاد نەکات کەوا بۆ نزیکەی دوو ساڵە دەسـتگیریانکردووە، ئەوا سزای گەورەی بەسەردا دەسەپـێنێت.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئەمەریکا سزای گەورە بەسەر تورکیا دەسەپێنێت بەهۆی ئەو ماوە زۆرەی قەشە ئەندرۆ برەنسنی دەسـتگیرکردووە کە کرستیانێکی مەزنە و بۆ خێزانەکەی باشە و مرۆڤێکی بێ وێنەیە. دووچاری مەینەتیـیەکی گەورەبووە. ئەم پـیاوە ئیماندارە بێ تاوانە دەبێت دەسـتبەجێ ئازادبکرێت!"

تورکیا لای خۆیەوە دەستبەجێ ڕەخنەی توندی لە سەرۆک ترامپ گرت.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"هیچ کەسێک ناتوانێت فەرمان بەسەر تورکیا بکات. هەرگیز هەڕەشە لە کەس قبوڵ ناکەین. یاسا بەسەر هەموو کەسێک جێبەجێ دەکرێت بەبێ جیاوازی."

هاوکات ئیبراهیم کالن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئەویش لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی " جێی قبوڵ نیـیە ئەم زمانە هەڕەشەیەی ئەمەریکا بەرامبەر وڵاتێکی هاوپەیمانی ناتۆ بەکاربهێنرێت."

پاشان نووسیویەتی حکومەتی ئەمەریکا هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی لە کەیسەکەی فەتحوڵڵا گولەن نەناوە، بەبیانوی گوایە ئەوە کاری دادوەریـیە.

لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ی تورکیا، قەشە ئەندرۆ برەنسن دەسـتگیرکرا بە تۆمەتی سیخوڕی و پشتیوانیکردن لە فەتحوڵڵا گولەن ئەوەی لە ئەمەریکا دەژی و ئەنکەرە دەڵێت لە پشـت هەوڵی کودەتاکەوە بووە.

لەگەڵ ئەوانەشدا کۆمەڵێک تۆمەتی دیکەی دراوەتە پاڵ، لەوانە پشـتیوانی لە پەکەکە. دەڵێن چەندان جار بۆ کۆبانی چووە و وێنەی لەگەڵ کەسانێک گرتووە کە ئاڵا و دروشمەکانی پەکەکەیان لە پشتەوە بووە. دەشڵێن لە مۆبایلەکەی نامەیەکی پـێگیراوە کە بۆ بەرپـرسێکی لەشکری ئەمەریکایی ناردبوو و تیایدا مەخابنی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر شکستهێنانی کودەتاکە.

بەڵام قەشە ئەندرۆ برەنسن بە توندی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت جگە لە چاکە بۆ تورکیا هیچ زیانێکی بۆ ئەو وڵاتە نەبووە.

XS
SM
MD
LG