Accessibility links

کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ تورکیا: یان فڕۆکەی F-35 ی ئەمەریکا یان سیستەمی S-400 ی ڕووسیا


کاربەدەستێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاگاهی بە تورکیا دا و دەڵێت ئەگەربێت و ئەنکەرە لەسەر پـلانی کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ی ڕووسیا بەردەوامبێت ئەوا شیانی هەیە چیتر فڕۆکەیF-35ی کۆمپانیای لوکهید مارتنی ئەمەریکایی پـێنەفرۆشرێت.

وێسس میچڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەوروپا و ئەوروپائاسیا دوێنێ سێشەممە ئەمەی لە میانەی وتەکانی بۆ کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی سینات ڕاگەیاند و گوتی ئەگەربێت و تورکیا ئەو سیستەمە لە ڕووسیا بکڕێت ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە بەپـێی یاسایەک کە هاوینی ڕابردوو سەرۆک ترامپ واژویکرد.

یاساکە کە بە ناوی CAATSA ناسراوە، واتە یاسای نەهێشتنی دوژمنانی ئەمەریکا لە ڕێگەی سزاکانەوە، ئامانجی سزادانی ئەو کۆمپانیایانەیە کە مامەڵە لەگەڵ کەرتی پـیشەسازی بەرگری ڕووسیا دەکەن.

میچڵ هەروەها گوتی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەسەڵاتی یاسایی هەیە ڕێگەبگرێت لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی لە کۆنگرێس.

ئەم کاربەدەستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد نزیکەی 24 ئەمەریکایی لە تورکیا دەستگیرکراون و زۆربەیان ڕەگەزنامەی تورکیـیان هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا گوتی تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگە و لە شەڕی دژی داعش یارمەتی داوە.

XS
SM
MD
LG