Accessibility links

دوو لە لایەنگرانی سەرۆکی تورکیا لەوانەی هێرشیان کردە سەر خۆپـیشاندەران لە واشنتن حوکمی زیندانی دران

  • VOA News

دوو لە لایەنگرانی سەرۆکی تورکیا، ئەوانەی لە مانگی پـێنجدا لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا لە خۆپـیشاندەرانیان دا، دانیان بەوەدا ناوە هێرشیان کردبووە سەر خۆپـیشاندەران و بەمەش سزای زیندانی دران.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت بەپـێی دۆکۆمێنتەکانی دادگای واشنتن کە ڕۆژی پـێنجشەممە بڵاوکراونەتەوە، هەریەک لە سینان نارین و ئەیوب یڵدرم دانیان ناوە بەوەی هێرشیان کردووەتە سەر خۆپـیشاندەران و زیانی جەستەیی گەورەیان پـێگەیاندوون، بەمەش دادگا سزای یەک ساڵ زیندانیکردنی بۆ بڕیار داون.

گوتەبێژی پـۆلیسی واشنتن گوتی هێرشێکی دڕندانەبوو کرایە سەر خۆپـیشاندەرانی ئاشتیخواز.

دادگای واشنتن لە 29 ی مانگی هەشت فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ 19 تورک دەرکرد، لەوانە 15 کەسیان لە هێزەکانی ئاسایش بوون، ئەوانەی پاسەوانیان لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەکرد.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 16 ی مانگی پـێنجی ئەمساڵ ژمارەیەک خۆپـیشاندەر کە زۆربەیان کوردبوون، لە بەردەم شوێنی حەوانەوەی باڵیۆزی تورکیا لە واشنتن گردبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەردۆغان لەو کاتەی بە سەردانێـک لە واشنتن بوو، بەڵام لە ناکاو لەلایەن پاسەوانانی ئەردۆغان و ئاسایشی باڵیۆزخانەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە لایەنگرانی ئەردۆغان هێرشێـکی توند کرایە سەر خۆپـیشاندەران و لە ئەنجامدا ژمارەیەک خۆپیشاندەر برینداربوون.

ئەم ڕەفتارەی پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا بووە جێی ناڕەزایـیەکی زۆر لە ناو ئەمەریکا، بەو پـێـیەی خۆپـیشاندان و گردبوونەوە و ڕادەربڕین مافێـکی سەرەتایی هەموو کەسێـکە لە وڵاتەکەدا.

تورکیا لای خۆیەوە ڕەتیدەکاتەوە پاسەوانەکانی هێرشیان کردبێت، دەڵێت ئەو خۆپـیشاندەرانە لایەنگری پەکەکە و گولەن بوون و سەرەتا ئەوان پەلاماری پاسەوانەکانیان دابوو.

XS
SM
MD
LG