Accessibility links

دەستەیەکی سوێندخۆرانی ئەمەریکا لەسەر کەیسەکەی ڕەزا زڕاب مشتومڕدەکات

  • VOA News

دەستەیەکی سوێندخۆرانی ئەمەریکا لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەسـتدەکەن بە مشتومڕ لە بارەی ڕەزا زڕاب، ئەو بازرگانە تورکە بە ڕەچەڵەک ئێرانیـیەی تاوانبارکراوە بە پـێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا.

پاش زیاتر لە 3 هەفتە لە دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی لە مانهاتنی نیویۆرک، دوێنێ سێشەممە داواکاری گشتی و پارێزەرانی داکۆکیکار دوا قسەی خۆیان لە کەیسەکەدا کرد.

حەقان ئەتێلا جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خەڵک بانک Halkbank ی دەوڵەتی تورکیا کە لە 28 ی مانگی سێی ئەمساڵەوە لە ئەمەریکا دەسـتگیرکراوە، یەکێـکە لەو 9 کەسەی لەو کەیسە تۆمەتبارکراون بەوەی یارمەتی ئێرانیان داوە لە سزاکانی ئەمەریکا خۆی دەربازبکات لە ڕێگەی سپیکردنەوەی داهاتی هەناردەی نەوتەکەی.

ڕەزا زەڕابی تەمەن 34 ساڵ مانگی یازدە لە بەردەم دادگا گوتی لە نێوان 45 ملیۆن بۆ 59 ملیۆن یورۆ لەگەڵ7 ملیۆن دۆلار بەرتیلی داوە بە زافر چاغڵەیان وەزیری پـێشووی ئابوری تورکیا تاوەکو کارئاسانیـیان بۆ بکات لەوەی ئێران نەوتەکەی بە قاچاغ بفرۆشێت و لە بەرامبەردا ئاڵتونی بۆ حەواڵە بکەن لە ڕێگەی خەڵک Halkbank بانکی دەوڵەتی تورکیاوە.

گوتیشی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کە ئەو کاتە لە پـۆستی سەرۆک وەزیر بوو ئەو فەرمانی بە بانکەکانی دەوڵەتی تورکیا کردبوو لەم کارە هاوکاریان بن.

بەڵام حکومەتی تورکیا ئەو قسانەی ڕەزا زڕاب ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت لە ژێر فشار ئەو قسانەی کردووە.

زڕاب لە مانگی سێی ساڵی 2016 لە ویلایەتی فلۆریدا دەسـتیگرکرا، کاتێک لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵەکەی بۆ پشوو هاتبوون.

XS
SM
MD
LG