Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیارێک پەسەند دەکات بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی پاسەوانەکانی سەرۆکی تورکیا


ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیارێکی پەسەندکرد بۆ شەرمەزارکردن و سزادانی ئەوانەی دەستیان هەبووە لەو هێرشەی لە لایەن پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا و هێزی تایبەتی تورکی کە لە 16 ی مانگی پێنجدا کردیانە سەر خۆپـیشاندەران لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا.

پاش نێوەڕۆی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی دا لەسەر پـرۆژە بڕیاری ژمارە H.Res. 354 و بە دەنگی 397 ئەندام پەسەندی کرد و هیچ ئەندامێک لە دژی بڕیارەکە نەبوو. بەڵام ژمارەیەک ئەندام دەنگیان نەدابوو بەو پـێـیەی لە کاتی دەنگدانەکە لە دانیشتنەکەدا لەوێ نەبوون، لەوانە دانا ڕۆهرەباخەر ئەندامی کۆماری کە پـێشتر لەسەر ئەو هێرشە زۆر بە توندی ڕەخنەی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گرت.

لە بڕیارەکە جەخت کراوەتە سەر ئەوەی گردبوونەوەی ئاشتیخوازانە و ئازادی ڕادەربڕین خاڵی سەرەکین لە دیموکراسیەتی ئەمەریکا. پاشان دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی تورکیا بە شێوەیەکی ناپـرۆفشناڵانە و دڕندانە مامەڵەیان کردووە، وە هەر کاربەدەستێکی ئاسایشی تورک فەرمان یان سەرپەرشتی یانیش بەشداری لە هێرشەکەدا کردبوو دەبێت بەپـێی یاساکانی ئەمەریکا دادگایی بکرێن. پـێویستە وەزارەتی دەرەوە داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی دیپـلۆماسی بکات بۆ هەر کاربەدەسـتێکی ئاسایشی تورک دەستی لە هێرشەکەدا هەبووە. پـێویستە ڕێوشوێنی پـێویست بگیرێنەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەی هێرشی لەو جۆرە.

ئێدوارد ڕۆیس ئەندامی کۆماری ئەنجومەنی نوێنەران لە میانەی دانیشتنەکەدا گوتی ئەم هێرشەی پاسەوانەکانی سەرۆکی تورکیا لە مانگی ڕابردوو کردیان یەکەم جار نیـیە لەسەر خاکی ئەمەریکا ئەنجامی بدەن، بەڵکو ئەمە سێـیەم جارە، بۆیە دەبێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و دەزگای ئاسایشی ئەمەریکا ڕێوشوێنی پـێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی لە ئایندەدا هێرشی لەو جۆرانە ڕوو نەدەنەوە.

لێدوانی ئێدوارد ڕۆیس:

XS
SM
MD
LG