Accessibility links

سەرۆک ترامپ و سەرۆکی تورکیا جەخت لەسەر شەڕی تێرۆر دەکەنەوە


سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی تورکیا جەختیان لە پتەوی پەیوەندیـیە دوو قۆڵیـیەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەیان کردەوە و گوتیان نابێت هیچ شوێنێـکی پارێزراو بۆ ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان هەبێت.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سـپی گوتی ئەمەریکا و تورکیا بۆ دەیان ساڵە دۆست و هاوپەیمانی یەکترن و لە شەڕی ساردی دژی کۆمۆنزم و سۆڤێت ڕۆڵی بینیوە و سەربازی تورک لە پاڵ سەربازی ئەمەریکایی لە شەڕی کۆریادا بەشداری کردووە.

پاشان گوتی لە ئێستادا ڕووبەڕووی دوژمنێـکی نوێ بووینەتەوە و دەمانەوێت پـێکەوە ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە ببینەوە. هەروەها گوتی لەم ساڵانەی دوایی خەڵکی تورکیا ڕووبەڕووی هێرشی تێرۆرستی گەورە بوونەتەوە، بۆیە ئەمەریکا هاوخەمی خۆی بۆ قوربانیـیەکان دەردەبڕێت و پشـتیوانی خۆی بۆ وڵاتی تورکیا ڕادەگەیەنێت.

سەرۆک ترامپ گوتی " پشـتیوانی لە تورکیا دەکەین لە شەڕی دژە ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی وەکو داعش و پەکەکە و دەڵێن هیچ شوێنێـکی پارێزراو بۆ گروپە تێرۆرستیـیەکان نیـیە."

سەرۆکی تورکیاش لای خۆیەوە گوتی بۆ تورکیا و ئەمەریکا زۆر گرنگە لە نزیکەوە هەماهەنگی بکەن لە شەڕی دژی تێرۆرزم، وە بە شێوەیەکی سەرەکی داعش و هەموو ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی لە هەرێمەکەدا هەن. گوتیشی لە ئایندەدا ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان لە هەرێمەکەیاندا شوێنیان نابێت، بە یەپەگە و پەیەدەشەوە.

ئەم لێدوانانەی سەرۆک ترامپ و سەرۆکی تورکیا بەر لە کۆبوونەوەکەیان بوون و هێشتا هیچ لە بارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان ڕانەگەیەندراوە.

XS
SM
MD
LG