Accessibility links

سەرۆک ترامپ و ئەردۆغان جەخت دەکەنەوە لەسەر هاوپەیمانێتی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و تورکیا

  • VOA News

سەرچاوەکان لە تورکیاوە دەڵێن سەرۆک ترامپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕێکەوتوون لەسەر هاوکاریکردنی هەردوو وڵات لە ڕزگارکردنی هەردوو شاری باب و ڕەققەی سوریا لە داعش.

ئێوارەی سێشەممە بە کاتی واشنتنی پایتەخت هەردوو سەرۆک پەیوەندیـیەکی تەلەفونیـیان ئەنجامدا و بەپـێی سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی تورکیاوە کە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی ئاشکراکردووە، هەردوو ڕێبەر بۆ ماوەی 45 خولەک وتووێژیان کردووە و تیایدا جەختیان کردووەتەوە سەر دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی لە مێژینەی نێوان هەردوو وڵات.

سەرچاوەکە گوتوشیەتی ئەردۆغان لە میانەی پەیوەندیـیەکە باسی لە گرنگی شەڕی دژی پارتی کرێکارانی کوردسـتان (پەکەکە) کردووە و داوای لە سەرۆک ترامپ کردووە پشـتیوانیکردنی یەپەگە لە سوریا ڕابگرێت.

پاشان باسیان لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی مایک پامپەیۆ بەڕێوەبەری دەزگای CIA بۆ تورکیا کردووە کە بڕیارە ڕۆژی پـێنجشەممە بگاتە ئەنکەرە بە مەبەستی تاووتوێکردنی ژمارەیەک بابەت، لەوانە یەپەگە و مەسەلەی ڕادەسـتکردنی فەتحوڵڵا گوڵەن.

کۆشتکی سـپی لای خۆیەوە لە ڕاگەیاندنێـکی کورتدا نووسیویەتی هەردوو ڕێبەر وابەستەیی هاوبەشی خۆیان بە شەڕی دژی تێرۆرزم بە هەموو شێوەکانی نیشانداوە و سەرۆک ترامپ سەرلەنوێ پشـتیوانی ئەمەریکای بۆ تورکیا دووپاتکردووەتەوە وەک هاوبەشێـکی ستراتیژی و هاوپەیمانێـکی ناتۆ. هەروەها دەسـتخۆشی لە تورکیا کردووە لە هەڵمەتی دژی داعشدا.

XS
SM
MD
LG