Accessibility links

سیناتۆرێـکی ئەمەریکایی: تورکیا بەو گرێبەستەی لەگەڵ ڕووسیا ڕەنگە سزاکانی ئەمەریکا پـێشێل بکات


سیناتۆرێکی دیموکراتی ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات ڕەخنەی گرتووە لەو گرێبەستەی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا مۆریکردووە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری S-400 کە بەهاکەی بە 2.5 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

سیناتۆر بن کاردن بە ماڵپەڕی Politico ی ڕاگەیاند ئەم گرێبەستە ڕەنگە سزا نوێـیەکانی ئەم دوایـیەی ئەمەریکا بۆ سەر مۆسکۆ پـێشێل بکات کە تیایدا هاتووە هەر کەسێـک مامەڵەیەکی گەورە لەگەڵ دەزگاکانی بەرگری و هەواڵگری ڕووسیا بکات، ئەوا سزای بەسەردا دەسەپـێنرێت.

گوتیشی"بە داخەوە هاوپەیمانێـکی ئەمەریکا لەم کاتە هەستیارە وا لە مۆسکۆ نزیک دەبێتەوە."

پاشان باسی لەوە کرد نامەیەکی ئاڕاستەی هەر یەک لە ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوە و ستیڤ منوچن وەزیری دارایی کردووە و تیایدا نووسیویەتی ئەو سزایانەی بڕیاری لەسەر دراون بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕووسیا دەبێت جێبەجێ بکرێن.

هەروەها داوای لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ کرد ئاستی کاریگەری ئەو گرێبەستە لەسەر ئەندامێتی تورکیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و یارمەتیـیەکانی ئەمەریکا بۆ ئەنکەرە بە یارمەتیـیە لەشکریـیەکانیشەوە هەڵبسەنگێنێت.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات تاوتوێی پرسی ڕاگرتنی فرۆشتنی چەکی ئەمەریکایی بۆ تورکیای کرد.

XS
SM
MD
LG