Accessibility links

وەزیرێکی پـێشووی تورکیا لە ئەمەریکا تاوانباردەکرێت بە بەرتیل وەرگرتن لە بەرامبەر شکاندنی سزاکانی سەر ئێران

  • VOA News

داواکارانی گشتی لە دادگایەکی نیویۆرک 8 تورک و ئێرانیـیەکیان تاوانبارکردووە بە پـێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران، ئەوانەی بەهۆی بەرنامە ناوکیـیەکە لەسەر تاران دانراون.

دادگای باشوری نیویۆرک ڕاگەیاندنێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت محەمەد زافر چاغلیان وەزیری پـێشووی ئابوری تورکیا و سولەیمان ئەسڵان بەڕێوەبەری پـێشووی بانکی هالکبانکی حکومەتی تورکیا لە نێو تاوانبارەکاندان.

بەپـێی ئەو بەڵگەنامانەی لە بەردەم دادگایە، ئەم تاوانبارانە لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرتیل بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار سزاکانی سەر ئێرانیان پـێشێلکردووە و یارمەتی ئێرانیان داوە لە سپـیکردنەوەی پارەکانی لە بانکەکانی دەرەوە.

لیکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە تاوانبارەکان لە نێوان ساڵانی 2010 و 2015 سیستەمێـکی ناوخۆی بانکیـیان داناوە تاوەکو حکومەت و دەزگاکانی ئێران بتوانن بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بگات بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا، بەمەش تاران توانیویەتی خۆی لە سزاکان لابدات و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەودا ئەنجام بدات بە دۆلار و زێڕ بەبێ ئەوەی بانکەکانی ئەمەریکا پـێی بزانن ئێران خاوەنیانە.

جێی ئاماژەیە محەمەد زافر چاغلیان تەمەن 59 ساڵ جگە لەوەی وەزیری ئابوری بووە ئەندامی پەرلەمانیش بووە لەسەر پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار.

XS
SM
MD
LG