Accessibility links

ئەمەریکا ڕەخنە لە ئەردۆگان دەگرێت لەسەر پێشوازیکردنی لە دوو سەرکردەی حەماس


ئەمەریکا دەڵێت بەتوندی دژی ئەوەین لەمدواییانەدا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پێشوازی لە دوو سەرکردەی حەماس کردووە لە ئیستەنبوڵ.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەو بەرپرسانەی حەماس ناوییان لە لیستی تیرۆریستانی جیهانیدا هەیە و ئەمەریکا داوای زانیاری یەکێکیان دەکات کە دەستی هەبووە لە هێرشە تیرۆریستی و ڕفاندنەکاندا.

حکومەتی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی شەممە ئاماژەی بەوەدا ئەردۆگان لە ئیستەنبوڵ پێشوازی لە هەریەک لە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنیە و شاندی هاوەڵی کردووە.

لەلای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەنکەرە " بەتەواوەتی ڕەخنەکەی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە " و داوای لە واشنتن کرد دەسەڵاتەکانی لە پێناو " سیاسەتێکی هاوسەنگدا بەکاربهێنێت تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستیندا، نەوەکو تەنها لە بەرژەوەندی ئیسڕائیل کاربکات."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا ئەم سەردانەی بەرپرسانی حەماس بۆ تورکیا دووەمین جارە لەم ساڵدا و تیایدا لەگەڵ ئەردۆگاندا کۆدەبنەوە.

وتیشی " پەیوەندییەکانی نێوان ئەردۆگان و ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیە بەردەوامن و ئەمەش تەنها دەبێتە هۆی زیاتر دوورخستنەوەی تورکیا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی گەلی فەڵەستین و لەناوبردنی هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە تیرۆریستیەکان لە غەزەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG