Accessibility links

ئەمەریکا پێشنیارەکەی تورکیا بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت لە قوبرس ڕەت دەکاتەوە


ئەمەریکا پێشنیارەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت لە قوبرس ڕەت کردەوە، هەروەها داوای کرد هەوڵەکان بۆ قوبرسێکی یەکگرتوو بەردەوام بن.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسیی ڤیکتۆریا نۆلاند لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی سیناتدا وتی " پێمان وایە پڕۆسەکە بە ڕابەرایەتی قوبرسییەکان بە هەردوو ناوچەکە و کۆمەڵگەکەیەوە، تەنها چارەسەرە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە قوبرس."

ڕۆژی سێشەممە ئەردۆغان سەردانی بەشی باکووری قوبرسی کرد و داوای چارەسەری دوو دەوڵەتی کرد لەسەر دورگەکە، بەمەش هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ پێکهێنانی دوو ناوچە بە دوو بەڕێوبەرایەتی جیاوازەوە لەژێر فەرمانڕەوایی یەک دەوڵەتدا پشتگوێخست.

هەروەها وەکو پێشێلکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاریدا شاری ڤارۆشای چۆڵکراو دووبارە بکاتەوە، ئەم هەنگاوەش لەلایەن ئەمەریکاوە بە توندی ڕەت کرایەوە.

نۆلاند وتی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا قسەی کردووە و داوای لێکردوون ئەو بڕیارە " ووروژێنەرە " هەڵبوەشێننەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە جیا قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدسدا کرد و سەرکۆنەی بڕیارەکەی سەرکردایەتی تورکەکانی قوبرسی کرد.

بلینکن لە تویتەر نوسیویەتی " ئەمە جێی قبوڵکردن نیە و لەگەڵ بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەک ناگرێتەوە. ئێمە هەوڵی وەڵامدانەوەیەکی توندی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدەین."

لە ساڵی 1974 ەوە قوبرس دابەش بووە، ئەوەش دوای ئەوەی تورکیا وەکو وەڵامێک بۆ هەوڵەکانی قوبرس بۆ چوونەپاڵ یۆنان، سێیەکی باکووری دورگەکەی داگیرکرد.

وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دێندیاس لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ باکووری قوبرس وتی کارەکانی تورکیا " ناکرێت وەڵام نەدرێنەوە."

دێندیاس وتی بڕیارەکەی تورکیا بۆ دووبارە کردنەوەی ڤارۆشا نیازەکانی تورکیا بۆ " فراوانکردنی داگیرکارییەکانی لە قوبرس و دامەزراندنی حوکمێکی نوێی عوسمانی فراوانتر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند " پشتڕاست دەکاتەوە.

وتیشی " ئێمە بەڕوونی ئەمە دەڵێین، تاوەکو تورکیا بەشێوەیەکی نایاسایی لە قوبرس ڕەفتار بکات، ئەوا هیچ بوارێک نیە بۆ چاکبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ یۆناندا و هیچ بوارێکیش نیە بۆ چاکبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG