وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا " پێنتاگۆن " دانی بەوەدانا کە ئەو ئەرکە سەربازییەی تورکیا دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردی سوریا ئەنجامی دەدات لە ناوچەی عەفرین کاردەکاتە سەر جەنگی دژی ڕێکخراوی داعش و بۆتە هۆی وەستاندنی ئەرکەکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریادا.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کۆلۆنێڵ ڕۆبەرت مانینگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت وەستان مانای ئەوەیە کە هەندێک لە ئەرکە سەربازییە پیادەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە هاوپەیمانی ئەمەریکان و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد سەرپەرشتیان دەکات بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراون.
وتیشی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە هاوپەیمانێتی دژی داعش لە دژی ڕێکخراوی داعش ئەنجامی دەدەن کاریگەریان لەسەر نەبووە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش هێشتا ئەو ناوچانەیان لەژێر دەستدا ماوە کە لە ڕێکخراوەکەیان سەندۆتەوە.
جێی ئاماژەیە کومەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت فڕۆکە جەنگیـیەکانی تورکیا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە بە چڕی کەوتوونەتە بۆردومانکردنی شارۆچکەی جەندەریسی باشوری ڕۆژئاوای عەفرین و لە ئاکامدا 13 کەسی سیڤیل کوژراون.