Accessibility links

تورکیا و ئەمەریکا تاوتوێی ئۆکرانیا و غەززە و باشترکردنی پەیوەندییەکانییان دەکەن


وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان دەڵێت بەرپرسانی ئەمەریکا و تورکیا لە ماوەی کۆبوونەوەکاندا لە واشنتن گفتوگۆیەکی گشتگیرییان کردووە سەبارەت بە جەنگەکانی ناو ئۆکرانیا و غەززە و چەندین پرسی جیاوازی نێوان دوو وڵاتەکە.

تورکیا و ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەکانییان دەستپێکرد کە بە میکانیزمی ستراتیژی ناسراون، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەوڵەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ناکۆکییە سیاسییەکانییان و باشکردنی هاریکارییەکانی نێوانییان لە بوارەکانی دیکەدا.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا بەهۆی چەندین پرسەوە گرژییان تێکەوتووە، بەڵام دوای ئەوەی ئەنکەرە داواکەی سویدی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند کرد، پەیوەندییەکان گەرمتر بوونەتەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان وتی بەرپرسانی دوو وڵاتەکە گفتوگۆیان لەسەر بابەتەکانی وەکو سوریا و ئۆکرانیا و غەززە و هاریکارییەکان لە پیشەسازی بەرگری و وزە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کردووە.

فیدان لە واشنتن وتی "لە ئێستادا بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵەی کە پێی گەیشتووین، بە سایکۆلۆژیایەکی نوێ و ئەجێندایەکی ئەرێنیترەوە، دەرفەتی ئەوەمان هەیە بەردەوام بین لەسەر ڕێگاکەمان لە ڕێی هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێوە."

وتی " لە کاتێکدا کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا دەکەین کە ڕووبەڕوومان بوونەتەوە، گرنگە درک بە توانای دوو وڵاتەکە بکەین و ئەو دەرفەتانەی کە دەتوانن بیهێننە پێشەوە."

فیدان جەختی لە هەڵوێستی تورکیا کردەوە لەسەر ئەوەی ئاگربەستێکی بەردەوام و دەستبەجێ لە غەززە پێویستە و جەختی لە پێویستییەکان کردەوە بۆ وڵاتان تاوەکو ئەو کارەساتە مرۆییە لە غەززە کەم بکەنەوە و ڕێگە خۆش بکەن لەبەردەم چارەسەری دوو دەوڵەتدا.

هەروەها لەگەڵ هاوتا ئەمەریکاییەکەی ئەنتۆنی بلینکن و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤاندا باسییان لە ڕێگاکان کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەنکەرە باوەڕی وایە ئێستا کاتی ئەوەیە تاوتوێی ڕێگاکان بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، بەڵام تورکیا ئەو خواستەی لە کیێڤ و مۆسکۆوە نەبینیوە.

فیدان وتی " بناغەمان دەوێت بۆ گفتوگۆکردن، بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگە، هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە خراپترین قەیرانەکان، ئێمەش داوای ئەمە دەکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG